Erbil 12°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 17:04

ڕێوڕەسمی پەرەپێدانی دامەزراوە گەشتیاریيه‌كان و پێشانگەیەكی بازاڕی كاری دەستی بەڕێوەچوو

100%


ڕۆژى یەكشەممە 12كانوونى دووه‌مى2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەكی ديكه‌ لە وەزیر و ڕاوێژكار و بەرپرسانی حكومی و ئاژانس و دیپلۆماتكارانی وڵاتان و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزار لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكان، ڕێوەڕەسمی پەرەپێدانی دامەزراوە گەشتیارییەكان بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمی پەرەپێدانی دامەزراوە گەشتیارییەكان بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی دەستەی گەشتوگوزار بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) و ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (USAID) و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان تایبەت بە كۆتاییهاتنی خولێكی تواناسازی بۆ زیاتر لە ١٥٠گەنج و ئافرەت لە بواری بازاڕی كاری دەستی و خستنەڕووی كارە دەستییەكان ڕێكخرا، كە تێیدا ڕاهێنراوانی خولەكە بەرهەم و كارە دەستییەكانیان نمایش كرد و هاوكات كورتە ڤیدیۆیەكیش لەبارەی گرنگيی خولەكە پێشكەش كرا و داهاتی پێشانگەكەش وەك هاوكاری و پاڵپشتییەك دەبەخشرێتە نەخۆشانی شێرپەنجە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەم جۆرە خولانە، بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ دەستەی گەشتوگوزار و سەرجەم دامەزراوە گەشتیارییەكان دووپات كردەوە، هاوكات سوپاسی ڕێكخراو و ئاژانسە بیانییەكانی كرد، كە پاڵپشت و هاوكاربوون بۆ بەڕێوەبردنی ئەو خولە چەندڕۆژییەی تایبەت بە بازاڕی كاری دەستی بۆ زیاتر لە 150ئافرەت و لاو لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.

ساسان عەونی سەبارەت بە ژمارەی سوودمەندبووانی خولەكە ئاماژەی بەوە كرد كه‌ زیاتر لە 150 كەس لەو پرۆگرامە سوودمەندبوون و هیوایشی خواست بەردەوامی هەبێت و گوتیشی: پشتگیریی تەواوی ئەو دەستپێشخەرییە دەكەین بۆ ئەوەی ئافرەتان و لاوانی كوردستان بتوانن بچنە ناو بازاڕی كاری دەستییەوە، بۆ وەرگرتنی سوودی ئابووری و هاوڕێبوونیان لەگەڵ كەرتی گەشتوگوزاردا.

سەبارەت بە ڕوانگە و بایەخدانەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی گەشتوگوزار، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و دیدگای مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بە كەرتی گەشتوگوزار كرد، بۆ هەوڵدان بە مەبەستی ئەوەی ببێتە كۆڵەگەیەكی گرنگ بۆ داهات و سەرچاوەی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان، بە سوودوەرگرتن لە ڕەگەزە گرنگەكانی سروشت و مێژوو و شوێنەوار و بوارەكانی تر، بۆ بەرەوپێشبردنی سێكتەری گەشتوگوزار. 

هه‌روه‌ها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی له‌وه‌ش كردەوە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گەشتوگوزار چەندین چاكسازی و كاری جدی بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزار كراون، وەكوو دروستكردن و چاككردنی ڕێگەوبان و كاراسانی زۆر بۆ دامەزراوەكان و چاكسازی لە یاسا و ڕێنماییەكان و دروستكردنی دامەزراوەی گەشتیاری و بایەخدان بە براندە جیهانییەكان بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان.

دواتر پێشانگەیەكی تایبەت بە نمایشكردنی بەرهەم و كاری دەستيی ڕاهێنراوانی خولەكەی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان كرایەوە و تێیدا سوودمەندبووانی پرۆگرامەكە بەرهەم و كارە دەستییەكانیان نمایش كرد، كە داهاته‌كه‌ى دەبەخشرێتە نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.