Erbil 11°C شەممە 11 کانوونی دووەم 16:01

مه‌سرور بارزانی: رەفتاری بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان قبووڵكراو نییە

100%


كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت لەبارەی مووچە و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند:  ڕەفتارێكی ستەمكارانە و نادادپه‌روه‌رانه‌ لە بەغداوە دژی  هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت،  ئه‌مه‌ش قبوڵكراو نییه، دەبێ خەڵكی كوردستان لەم دۆخە ناخۆشە دەروونییە ڕزگار بكرێت.

 سه‌رۆكی حكوومه‌ت گوتیشی، دەبێ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق راست بكرێتەوە، دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بین.

مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دادگای فیدراڵی، تەنها لە بەرژوەندیی حکوومەتی فیدراڵی بڕیاری دەرکردووە، هەرگیز بڕیارێکی دەرنەکردووە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا بێت،  هەر كاتێكیش دادگای فیدراڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بەربەستی بۆ دروست كراوە.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، پێویستە بەرانبەر بەغدا، یەكڕیز و یەكدەنگ بین، ڕەفتاری بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان قبووڵكراو نییە.

ئەمڕۆ شەممە، 11ی 1ی 2025، كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، و بە میوانداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران ده‌ستی پێكرد. كە تایبەتە بە مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا.

ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و داتا و بەڵگەنامەی پێویست بۆ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆكردن تاكوو بەپێی تایمەتمەندی بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ پرسی نیشتمانیی و داكۆكیكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە و بودجەی هەرێم.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەكرێن كە بریتین لە: گوتەی وەزیری دارایی و ئابووری و ڕاپۆرتێك لە چوارچێوەی بەیانی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 و خشتەی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2024، هەروەها گوتەیەک لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەکان و پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، خستنەڕووی زانیاری سەبارەت بە تەرخانكراوەكانی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان لە خشتەكانی یاسای بودجەی فیدراڵ، گوتەی هەریەك لە وەزیرانی كاروباری پێشمەرگە، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، سەبارەت بە خەرجنەكردنی شایستەی تەواوی ئەم وەزارەتە لەلایەن حكومەتی فیدراڵ، بەرەوپێشچوونەكانی جێبەجێكردنی تەواوی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر حكومەتی فیدراڵ بەتایبەت لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران.

 هەروەها كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و دانانی بەرنامەیەك بۆ چڕكرنەوەی هەوڵەكان و دانانی میكانیزمی هەماهەنگیی پێویست بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.