سەرۆكی ئۆرۆگوای كە بە هەژارترین سەرۆك لە جیهان دادەنرێت، لەبەرامبەر نەخۆشی شێرپەنجە خۆی بەدەستەوە دا و ماڵئاوایی لە خۆشەویستانی دەكات و دەڵێت بەمزووانە دەمرم.
خۆسێ موخیكا كە لە ساڵانی 2010 تا 2015 سەرۆكی ئۆرگوای بووە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری (Búsqueda) دەڵێت: بۆ من ژیان تەواو بووە و ئێستا لە سەرەمەرگدام، ئیتر هەموو جەنگاوەرێك پێویستی بە پشووی هەتاهەتایی هەیە.
خۆسێی تەمەن 90 ساڵ، چەند ساڵێك پێش ئێستا تووشی شێرپەنجەی سییەكان ببوو، لە ماوەی رابردوودا 34 پڕۆسەی كیمیایی و لیزەری ئەنجام دا و تاڕادەیەك تەندروستی باش بوو، بەر لە دوو مانگ لە پشكنینە پزیشكییەكان دەركەوت گرێیە شێرپەنجەییەكەی بەهێزتر دەركەوتووەتەوە و كاریگەری كردووەتە سەر گورچیلەكانی و بەتەواوی بێ هێزی كردووە.
مۆخیكا لە چاوپێكەوتن لەگەڵ گۆڤارەكە دەڵێت: ئیتر ناتوانم شێرپەنجە رابگرم و بە پزیشكەكانم گوتووە چیتر بەرگەی چارەسەری كیمیایی و نەشتەرگەری ناگرم و لێم گەڕێن كەی كاتەكەم تەواو بوو دەمرم.
بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە هەروەها گوتوویەتی: لەسەر مەرگدا دەمەوێ ماڵئاوایی لە وڵاتەكەم و هەموو هاوڕێ و خۆشەویستانم بكەم، لەگەڵ باوەشێكی گەرم پێتان دەڵێم خواتان لەگەڵ.
جەختیشی كردبووەوە كە ئەمە دوایین چاوپێكەوتن و دەركەوتنی لە میدیاكان دەبێت، داواشی كردبوو دوای مردنی هەر لەنێو زەوییەكەی و لەتەك سەگەی بینێژن.
مۆخیكا دوای دەستبەرداربوونی لە پۆستی سەرۆكایەتی ئۆرۆگوای، هەموو جۆرە شایستەیەكی دارایی و كڕینی خانوو و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای رەتكردبووەوە، هەروەها رەتی كردبووەوە خزمەتكار و پاسەوانی بۆ دابین بكەن، بڕیاری دابوو لەگەڵ خێزانەكەی بگەڕێتەوە سەر ئەو پارچە زەوییەی كە لە باوك و باپیرانییەوە بۆی مابووەوە.
لەوەتەی وازی لە پۆستی سەرۆكایەتی ئۆرگوای هێنابوو، رێژەی 90%ی مووچەكەی كە 4 هەزار دۆلار بوو، دەبەخشییە رێكخراوە خێرخوازییەكان، لەگەڵ ئۆتۆمبێلە ڤۆڵكس واگنە مۆدیل 1982ـەكەی ژیانێكی سادە و ساكار دەژیا.
وێنە: دوایین وێنەی خۆسێ مۆخیكا و هاوسەرەكەی:-
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.