بەهۆی ئەو ئاگرەی ماوەی چەند رۆژێكە لە چەند ناوچەیەكی شاری لۆس ئەنجلۆس لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ئەمەریكا كەوتۆتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 10 كەس بەرزبووەوە.
نووسینگەی پزیشكی دادی لۆس ئەنجلۆس لە خستنەڕووی دوایین ئاماری قوربانییان رایگەیاند كە 10 كەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاگرەكە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە لە هەردوو ناوچەی پالیسادیس و ئەڵتادینا لە شاری لۆس ئەنجلۆس لە ویلایەتی كالیفۆرنیا كەوتۆتەوە و تا درەنگانی شەوی پێنجشەممە بەردەوامی هەبوو.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی ئاگرەكە رایگەیاندبوو كە ئەمە وێرانترین رووداوە لە مێژووی كالیفۆرنیا.
بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی ئەمەریكا بەهۆی ئاگرەكانەوە تا ئێستا زیاتر لە 1500 باڵەخانە و خانوو سوتاون و سەدان هەزار هاووڵاتیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.
هەروەها بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان زیانەكانی شاری ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس بەهۆی ئاگرەوە لەنێوان 52 بۆ 57 ملیار دۆلار دایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.