ئاسایشی هەولێر جەختی كردەوە كە هەر هاووڵاتییەك لە كاتی ئەنجامدانی گەشتی دەرەوەی وڵات ڤیزەكارد یاخود ماستەركاردی خەڵكی دیكە بەكاربهێنێت رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشــتیی ئاسایش ئاگاداری ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن و هەڵگری (ڤیزەکارد) یان (ماستەرکارد)ی بانکینە:
1- لە کاتی گەشتکردنی هاووڵاتییان، پێویستە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بەناوی خودی گەشتیارەوە بێت، بەپێچەوانەوە کارتە بانکییەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و هاووڵاتییەکەش رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
2- ئەو هاووڵاتییانەی هەڵگری ژمارەیەکی زۆر لە ڤیزەکارد یان ماستەرکاردن بەناوی خەڵکی ترەوە و بەناوی خۆیان نییە، لە کاتی گەشتکردنییان ڤیزەکارد یان ماستەرکاردەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەم هەڵگری ئەم جۆرە کارتانەش و هەم ئەو هاوڵاتییانەی کە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بە ناوییانە، ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە و کارتە بانکییەکانیش بلۆک دەکرێن.
ئاسایشی هەولێر داواشی لە هاووڵاتییان كرد ئاگاداری بەڵگەنامە تایبەتییەکانییان بن و ڕێگە نەدەن خەڵکی تر بەکاریان بهێنێت بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی و کارتی بانکی، یاخود کارتەکانییان بدرێتە کەسانی دیکە و مامەڵەی پێوە بکرێت، بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی نەبنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.