Erbil 6°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 08:47

له‌ چله‌ی هونه‌رمه‌ند زایه‌ر عه‌بدوڵڵا دا

کوردستان TV
100%

كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس 
كاتێ باس له‌ هونه‌ری شانۆ درامای كوردی ده‌كه‌ین ناكرێت ناوی هونه‌رمه‌ند" زایه‌ر عه‌بدوڵڵا" له‌ریزی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ له‌ پێشره‌وانی شانۆ و  درامای كوردیدا هه‌ژمار ده‌كرێن ..ئه‌و هونه‌رمه‌ندێكی بلیمه‌ت نووسه‌رێكی لێهاتوو مرۆڤێك تا سه‌ر ئێسقان نیشتیمان په‌روه‌ر عشقی كوردستان عشقبازی ته‌یراوه‌ بوو..زایه‌ر خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی فره‌ ره‌هه‌ند بوو توانی له‌ رێگه‌ی ماندووبوونێكی زۆرخۆی پێبگه‌یه‌نێت له‌ هه‌ر كارێكی هونه‌ری (شانۆ و دراما)دا كه‌ به‌شداری كردوه‌ بوونی خۆی سه‌لماندووه‌و داهێنانی له‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی رۆڵه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ .. بۆیه‌ زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان خولیاو هیوایان ده‌خواست كاری له‌گه‌ڵ بكه‌ن.. منیش وه‌كو هه‌رهونه‌رمه‌ندێك ،حه‌زوو ئاره‌زووی ئه‌وه‌م هه‌بوو له‌ كارێكی هونه‌ری له‌گه‌ڵیا به‌شداربم.. به‌ڵێ له‌ ساڵی 20008 له‌میانی دووه‌مین فیستیڤاڵی ساڵانه‌ی شاری هه‌ولێر كه‌ به‌ به‌بۆنه‌ی 11ی ئادار و راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێری ساڵی 1991 ساز ده‌كرێت، له‌ كارێكی شانۆیی به‌ناوی (پانۆرامای شاره‌كه‌م) كه‌باس له‌ مێژووی شاری هه‌ولێری ده‌كرد له‌ نووسینی وده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند" هیوا سوعاد"بوو به‌نده‌ش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌كانی شاری هه‌ولێر وه‌كو (سه‌لام كۆیی،جه‌لال به‌یار ،عه‌لی ئه‌حمه‌د ،ئیبراهیم حه‌كیم ،تارق ئاكره‌یی، ئه‌نوه‌ر عزیز.. به‌شداری بووین بۆیه‌ له‌رۆژانی پرۆڤه‌ و رۆژی نمایشیش ئه‌و هه‌میشه‌ به‌ قسه‌خۆشه‌كانی و هه‌ڵس و كه‌وته‌كانی هه‌میشه‌جیاواز بوو. 
له‌ كارێكی تری شانۆیی كه‌ به‌ناوی (له‌دایك بوون ) له‌ نووسینی كاكه‌ "زایه‌ر عه‌بدوڵڵا" وه‌ له‌ ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند(حه‌سیب قه‌رچوغی"بوو له‌ ساڵی 1995 له‌ میانی  فیستیڤاڵی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێر به‌شی شانۆ نمایش كرا به‌نده‌ وه‌كو ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ له‌ مامۆستا و قوتابیانی په‌یمانگا له‌به‌شدار بووم..كاكه‌ زایه‌ر له‌ میانی رۆژانی پرۆڤه‌كردنی چه‌ندین جار سه‌ردانی كردین زۆرجار وه‌كو نووسه‌ری شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكیش تێبینییه‌كانی خۆی له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه‌ ده‌خسته‌ روو.. بۆیه‌ هه‌میشه‌له‌یادو یاده‌وه‌ریمان به‌ نه‌مری ده‌مێنته‌وه‌.  
له‌ چله‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ حه‌زده‌كه‌م باس له‌ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر زایه‌ر عه‌بدوڵڵا و شاری راواندز بكه‌م كه‌له‌وانه‌یه‌ به‌شێك له‌ئێوه‌ی ئازیز زانیاریتان نه‌بێت كه‌ هونه‌رمه‌ند كاكه‌ زایه‌ر به‌شێك له‌ژیانی له‌ ساڵه‌كانی حه‌فتایه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ شاری رواندز بووه‌.. هه‌ربۆیه‌ له‌ دانیشتنێكم له‌گه‌ڵ كۆچكردوو هونه‌رمه‌ند زایه‌ر عه‌بدوڵڵا سه‌ره‌تا پرسیاری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكانه‌م لێكرد له‌ ساڵانی زوو به‌ ناوی (خه‌ره‌ند) بڵاویكردبوویه‌وه‌ راستییه‌كه‌ی وه‌كو رواندزییه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راكێشام مانشێته‌كه‌ بوو(خه‌ره‌ند) لێم پرسی بۆچی مانشێتی  (خه‌ره‌ند)ت هه‌ڵبژرادوه‌ بۆ ئه‌وكۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌ ئه‌و له‌وه‌ڵامه‌دا گووتی" به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكم له‌ساڵانی حه‌فتایه‌كان شۆفێری هێلی رواندز – هه‌ولێر كاری ده‌كرد ئێمه‌ تێكه‌ڵاوێكی زۆرمان له‌گه‌ڵ رواندزییه‌كان هه‌بوو بۆیه‌ رواندز به‌گشتی خه‌ره‌ندیش به‌تایبه‌تی دیمه‌نێكی جوان و دڵفرێن بوو وه‌كو وه‌فایه‌ك بۆ شاره‌كه‌وخه‌ڵكه‌كه‌ی به‌باشم زانی  ئه‌وكۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ ناوی لێبنێم (خه‌ره‌ند)".
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر چه‌ندین كتێب له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌ند بنووسین هێشتا ته‌واو نابێت.. سه‌دحه‌یف و مخابن لۆ كاكه‌ زایه‌ری هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و میدكار .. كه‌ زۆری له‌ هه‌گبه‌دا مابوو له‌ خودای گه‌وره‌ ده‌پارێمه‌وه‌ به‌به‌هه‌شتی خۆی شاد بكات .

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.