وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی ڕاگوزەری سیاسیی ئاشتییانە بەرەو حکوومەتی گشتگیر و بەرپرسیار لە سووریا دووپات کردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیو میلەر، بلینکن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود ئەنجامداوە.
لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەدا بلینکن پشتیوانی ئەمریکای بۆ پرۆسەی ڕاگوزەری سیاسیی ئاشتییانە بەرەو حکوومەتی گشتگیر و بەرپرسیار لە سووریا دووپات کردووەتەوە.
بلینکن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕێزگرتنە لە ئازادیە بنەڕەتییەکان و مافی هەموو سوورییەکان بە گرووپەکانی کەمایەتیشەوە، لەگەڵ بەرگرتن لەوەی سووریا وەک بنکەیەک بۆ تیرۆریزم بەکاربهێندرێت. گوتیشی: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاسانکاری بکات لە هاوکاری مرۆیی لەسەرانسەری سووریادا، سوپاسی حکوومەتی سعوودیەشی کرد کە هاوکاری بۆ گەلی سووریا دەستەبەر دەکات".
هاوکات بلینکن تاوتوێی بەردەوامی هەوڵەکانی لەگەڵ ئال سعوود کردەوە لە فەراهەمکردنی ئاگربەستێک لە غەززە کە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و زیادکردنی هاوکاریە مرۆییەکانی لێبکەوێتەوە.
بلینکن باسی لە ڕاوەستانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد و، بەپێویستی زانی درێژە بە پشتیوانی کردن لە دامەزراوە ئەمنیە ڕەواکانی لوبنان بکرێت وەک سوپا و پۆلیس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.