لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماو سۆڵەدا ، مرۆڤ تووشی چەندین جۆری نەخۆشی و ئەنفلۆنزا دەبێت و پسپۆڕان رێنمایی دەدەن بۆ پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك بۆ دووركەوتنەوە لەنەخۆشكەوتن لەوەزری زستاندا، ئەوانیش:
* دەست شۆردن: رێگەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بریتیە لەهەڵمژین یاخود بەركەوتنی كەلوپەلی كەسی تووشبوو ، بۆیە دەست شۆردن بە ئاو و سابون یاخود پاكژكردنەوەی گرنگە بۆ دووركەوتنەوە لەنەخۆش كەوتن لەوەرزی زستاندا.
* بەكارهێنانی كلێنس لەكاتی كۆكە یاخود پژمین: لەكاتی پژمین یاخود كۆكە ڤایرۆسەكان بە دەستەوە دەلكێت بۆیە پێویستە دەست لەو حاڵەتانەدا بەكارنەهێنرێت و لەبری ئەوە كلێنس بەكاربهێنرێت و دواتر فڕێ بدرێت.
* دەست نەدان لە دەم وچاو : ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا لەرێگەی چاو و لوت و دەمەوە دەچێتە ناو لەشی مرۆڤ ، بۆیە پێویستە كاتێك مرۆڤ لەدەرەوەی ماڵ بێت یاخود دڵنیا نەبێت لە پاكوخاوێنی دەستەكانی بەهیچ جۆرێك دەست لەدەم وچاوی نەدات بۆ دووركەوتنەوە لەنەخۆشكەوتن.
* ئەنجامدانی راهێنانە وەرزشیەكان بە رێكخراوی: ئەنجامدانی وەرزش بەشێوەیەكی بەردەوام دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بەرگری لەش و ئەوەش رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلۆنزا و كۆكە كەمدەكاتەوە.
* خواردنی میوە و سەوزەوات: مرۆڤ كاتێك نەخۆش دەكەوێت ئارەزووی خواردنی كەم دەبێتەوە ، بۆیە دەبێت سەوزە و میوە بخوات بۆ قەرەبووكردنەوەی.
* جگەرە نەكێشان: جگەرەكێشان كاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی نەخۆشكەوتن و كەمبوونەوەی بەرگری لەش و دوكەڵی جگەرە دەبێتە هۆی ووشكبوونەوەی رێڕەوەكانی لوت.
* دەستبەرداربوونی خواردنەوەی كحولییەكان: زیادەڕەوی لەخواردنەوەی ماددە كحولیەكان دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری لەش و ئەوەش وادەكات ئەو كەسانەی كحول دەخۆنەوە رووبەڕووی هەوكردن و ووشكبوونەوەی لەش و چەند كاریگەرییەكی دیكە ببنەوە.
* پشوودان: لەشی مرۆڤ پێویستی بە پشوودانە لەپێناو بەهێزبوونی بەرگری و بەرگری لەش باشتر كاردەكات لەكاتی رزگاربوون لە دڵەڕاوكێ و شڵەژان و پشوودان.
ژێدهر- ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.