Erbil 4°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 06:24

بەردی بناغەی گەورەپرۆژەیەكی ئاوەڕۆ بە گوژمەی 6 ملیار دینار لە شەقامی كەركووك تا كەندی قەتەوی دانرا

کوردستان TV
100%


بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و باشتركردنی سیستەمی ئاوەڕۆ، بەردی بناغەی گەورەپرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی كەركووك لە نزیك شووقەكانی شەهیدان لە گردەڕەشە تا كەندی قەتەوی لە هەولێر دانرا.
ئەو پرۆژەیە ئەمڕۆ سێشەممە 24/12/2024 لە ڕێوڕەسمێكدا لەژێر چاودێری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و جێگری پارێزگار و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر و ژمارەیەك فەرمانگەی دیكەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی (6 ملیار و 192 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێریش بۆ میدیاكان تیشكیان خستە سەر گرنگیی پرۆژەكە بۆ شاری هەولێر.
سەرەتا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكە ڕایگەیاند: گوژمەی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی كەركووك نزیك گردەڕەشە تا كەندی قەتەوی، زیاتر لە 6 ملیار دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت و ماوەی 450 ڕۆژی تەقویمی بۆ دیاریكراوە كە بە قەبارەی جیاواز جێبەجێ دەكرێت و مەمهۆڵ و كەناڵی كراوەشی تێدایە.
هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت، ساسان عەونی ڕایگەیاند: لەژێر ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی، پرۆژەكانی حكوومەت بەردەوام دەبن و لە هەر شوێنێك كە پێویست بە خزمەتگوزاری و كاری زیاتر هەبێت، سەرەڕای ئەو بارە نائاساییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە تێیدایە، بەڵام پرۆژە و خزمەتكردنی هاووڵاتییان بەردەوامن.
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ میدیاكان قسەی كرد و باسی لە گرنگیی پرۆژەكە بۆ شاری هەولێر و سنوورەكە كرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین كە لە ژێر چاودێری و بەئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە لە شاری هەولێر دادەنێین كە بەشێكە لە خواستی خەڵكی ناوچەكە و بەشێكیشە لە پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و چارەسەركردنی ئاستەنگی هاوتوچۆ لە كاتی بارانباریندا. پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ئەو پرۆژەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی زیاتر لە 6 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاوەرۆی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و تیمی پارێزگا و فەرمانگەكانی تر كرد بۆ كاركردن لەو پرۆژەیە و هیوای خواست كە لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكرێت.
دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گفتوگۆیان لەگەڵ دانیشتووانی سنوورەكە كرد و بەدواداچوونیان بۆ كێشە و گرفت و داواكاری هاووڵاتییان كرد و جەختیان لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و كاركردن لەسەر داواكارییەكانیان كردەوە بۆ زیاتر خزمەتكردنی دانیشتووانی ئەو سنوورە فراوانەی هەولێر.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.