هەڵبژاردەی عێراق پاڵەوانی جامی كەنداوی رابردوو، لە یەكەم یاریی خۆیدا لە جامی كەنداوی 26 كە ئێستا لە وڵاتی كوێت بەڕێوەدەچێت، سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی یەمەن تۆمار كرد.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە هەڵبژاردەی عێراق لە گەڕی یەكەمی كۆمەڵەی دووەم لەنێو یاریگەی جابر سوباح، رووبەڕووی هەڵبژاردەی یەمەن بووەوە.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هیچ كام لە هەڵبژاردەكان نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، هەرچەندە هەڵبژاردەی عێراق تەواو كۆنتڕۆڵی یارییەكەی كردبوو.
لە گێمی دووەمدا هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق ئەیمەن حوسێن لە خولەكی 64 لە رێگەی لێدانێكی سەرەوە گۆڵی سەركەوتنی هەڵبژاردەكەی تۆمار كرد.
هەڵبژاردەی عێراق یاریی دووەمی لە جامی كەنداوی 26، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەبێت لە كاتژمێر 8:30ی شەو رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەحرێن دەبێتەوە.
هەڵبژاردەكانی جامی كەنداوی 26 كە ئێستا لە وڵاتی كوێت بەڕێوەدەچێت، بەسەر دوو گرووپ دابەشبوون، گرووپی یەكەم پێكهاتوون لە هەڵبژاردەكانی (كوێت، عومان، ئیماڕات و قەتەڕ)، گرووپی دووەمیش پێكهاتوون لە (عێراق، سعوودییە، بەحرێن و یەمەن).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.