شەپۆڵێكی دیكەی بەفر و بارانبارین بەڕێوەیە كە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، هەروەها كەشێكی ساردی زستانەش دروست دەكات و پلەكانی گەرما بەتەواوی روو لە دابەزین دەكەن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند "پێشبینی دەکرێت شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی داهاتوو 26/12 شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند بۆ بەهێز سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و کەشێکی تەواو زستانی دروست بێت، هەروەها پێشبینی دەكرێت لە زۆربەی ناوچەکان بارانێكی زۆرباش ببارێت".
راشیگەیاند "چەقی شەپۆڵەكە لە شەوی هەینی لەسەر شەممەی داهاتوو دەبێت و بارانێكی زۆر دەبارێت".
هەروەها رایگەیاند "لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە، بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری کە سەرچاوەکەی ناوچەکانی سیبیریایە، لە ڕووسیاوە دێت لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و تورکیاوە دەگاتە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک وهەولێر و سلێمانی و ڕاپەڕین و سۆران و هەڵەبجە، پێشبینی بەفربارینی باش لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت".
شارەزاكەی كەشناسی جەختیشی كردەوە كە "لە ماوەی شەپۆڵەكەدا لە سەرجەم ناوچەكان پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەچاو دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.