بە ئامادەبوونی عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تۆمماسۆ سانسۆنی، کونسولی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك لە فهرمانده و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لە بارەگای فەرماندەییی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕ و ڕادەستكردنی ئەركی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی، بۆ کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆ ئاندریۆتۆلا، بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە گوتی: دەمەوێت سوپاسی پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان بکەم، کە کاری هاوبەشمان بەیەکەوە کرد و هەموو ئەو دەسکەوتانە بە کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بەدی هاتوون و دڵخۆشم کە بە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردووە.
پاشان کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆ ئاندریۆتۆلا، فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: بۆ من شانازییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ فەرماندەییی هێزەکانی ئیتاڵیا لە کوردستان دەکەم و هەموو هەوڵێک بۆ بەردەستخستنی تواناکان دەدەم، بۆ بنیاتنانی توانای هێزە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.
لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، پیرۆزباییان لە فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد و هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ فەرماندەی پێشوو خواست و هەروەها وەفا و پێزانینی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردیان بە تەواوی ڕاوێژکارانی ئامادەبووی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیاند، کە ڕۆڵێکی گاریگەرییان هەیە لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.