یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگهیاند، کەسێک کە داهاتووی سووریام لەگەڵ باس کرد (ئەحمەد شەرع) نابێت خەڵاتی بۆ کوشتنی هەبێت.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، باربارا لیف دوای یەکەم سەردانی شاندی ئەمریکا بۆ دیمەشق لە پاش 12 ساڵ و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن کار لەسەر ئەو خەڵاتە 10 ملیۆن دۆلارییە ناکات کە لەسەر کوشتنی سەرکردەی سووریا ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) داینابوو و، گوتی: کەسێک کە ئایندەی سووریا و ناوچەکەم لەگەڵ باس کرد، نابێت لەلایەن حکوومەتەوە خەڵات بۆ کوشتنی دابنرێت.
دوای ئەو سەردانەی لەگەڵ شاندی یاوەریدا بۆ دیمەشقی ئەنجامدا، لیف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە بە شێوەی ئۆنڵاین ئەنجامیدا، باسی لەوە کرد بە ئەرێنیی لەو پەیامانە دەڕوانن کە لە سەرکردەی سووریا ئەحمەد شەرعەوە دێن، جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە چاوەڕوانی کرداریشن نەک تەنیا قسە و، باسی لە گرنگی بەشداریکردن و ڕاوێژکاری فراوان کردەوە بۆ قۆناغێکی ڕاگوزەر کە هەموو سوورییەکان لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا بەشداری تێدا بکەن.
لیف باسی لەوە کرد ئەمریکا ئامادەیە لەگەڵ سوورییەکان کار بکات، لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک بنەمایان تاوتوێکردووە کە ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی کاتی هاوڕان لەسەری و، ڕایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لە پەیامە ئەرێنییەکان کرد. لە پێشهاتەکان دەڕوانین سەبارەت بەم بنەمایانە نەک تەنیا قسەکان.
هەروەها لیف باسی لەوە کرد کە وازیان لەو خەڵاتە 10 ملیۆن دۆلاریە هێناوە کە چەند ساڵێکە لەسەر ئەحمەد شەرع دانراوە و، گوتی: ئێستا گوتنی ئەمە گونجاوە، کەسێک کە ئایندەی سووریا و ناوچەکەم لەگەڵ باس کرد نابێت لەلایەن حکوومەتەوە خەڵات بۆ کوشتنی دابنرێت.
لیف ئەوەیش خستەڕوو لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو بنەمایانەیان کردووە کە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە نێویشیاندا تورکیا لە لووتکەی سووریا لە شاری عەقەبەی ئوردن لەسەر ڕێککەوتوون، لەبەرئەوە خوازیاری دەستەبەرکردنی هاوکارین بۆ ڕزگارکردنی سوورییەکان لەو داڕووخانە ئابوورییەی جەنگ کە ساڵانێک درێژەی هەبوو.
سەبارەت بەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر ڕژێمی سووریایدا سەپاندوون، لیف ڕایگەیاند: هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە نادەم، بەلام کۆبوونەوەیەکی باش و گشتگیرمان لە بارەی پرسە هەرێمیی و ناوخۆییەکان ئەنجامدا، شەرع باسی لەوە کرد کە چاکسازی ئابووریی سووریا لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
لیف باسی لە هەڵگرتنی سزاکان کرد و، ڕایگەیاند: پێموایە گوشارێکی ناوخۆیی زۆر لەسەر حکوومەتی کاتی و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان دەبێت بۆ جێبەجێ کردنی مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.