Erbil 7°C شەممە 21 کانونی یەکەم 19:39

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئایشه‌ شان به‌حه‌سره‌تى بێکه‌سی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێده‌که‌ى سه‌رى نایه‌وه‌... ( 1938 _ 1996)

کوردستان TV
100%


ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ شۆخ و شه‌نگ و ده‌نگ زوڵاڵه‌ له‌گۆرانييه‌كيدا ده‌بێژێت :1

عه‌مرم هات و  بوورى  ، ڕۆژه‌ك خۆش نه‌ديت ...

من ڕۆژه‌ك خۆش نه‌ديت تم عه‌رۆ تارى

ل من نه‌هاڤين هات  نه‌ بوهارى

قه‌ده‌ر ل من بۆيه‌ ئه‌و گورى هارى

به‌تليم هه‌ڤالينوو ، من ڕۆژه‌ك خۆش نه‌دى 

ئه‌و تێكسته‌ى گۆرانى  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند عايشه‌ شان گه‌لێك خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت ،ده‌بێت چ ئازار و ناسۆر و زه‌حمه‌تێكى به‌ده‌ست ژيانه‌وه‌ چه‌شتبێ ، به‌وشێوه‌ بێ هيواو نائومێدييه‌ پێمان ده‌ڵێت هيچ كات ڕۆژێكى خۆشيي نه‌ديوه‌و كه‌دڵ و ڕۆحى ئارام بكات ...؟؟؟؟!!!!!

له‌نێو دنياى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كورديدا، گه‌لێك هونه‌رمه‌ند و ده‌نگبێژى ڕه‌گه‌زى (نێر) مان  هه‌يه‌ كه‌ هه‌ريه‌كه‌يان له‌كات و سه‌رده‌مى خۆيدا تێكۆشاون و ماندووبوون وهه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵايه‌كى زۆرييان داوه‌ بۆ پێشخستنى هونه‌رى موزيك و گۆرانى ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌ هونه‌رييه‌دا له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى پێشوو، گه‌لى كورد خاوه‌نى چه‌ندين ده‌نگخۆش و گۆرانيبێژى ڕه‌گه‌زى ( مێ ) بووه‌، ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ لێوڕيژه‌ له‌كۆت و به‌ندى  فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورى  دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵايه‌تى وكۆمه‌ڵگه‌ى پياوسالارى ، كه‌ هه‌موو خه‌نده‌و خۆشيي و جوڵانه‌وه‌يه‌ك بۆ ئافره‌ت ياساغ و حه‌رام و شووره‌يي بووه‌، به‌ڵام ئه‌مان بوێرانه‌ ئه‌و كۆت و به‌نده‌يان شكاندووه‌و ڕچه‌شكێن بوون و به‌رپه‌رچى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌يان به‌هونه‌ره‌كه‌يان داوه‌ته‌و ده‌نگى دلێرانه‌يان هه‌ڵبڕيوه‌ و پێيان وتوون ئێمه‌ش هه‌ين و خاوه‌نى هه‌ست و سۆزو تواناين شان به‌شانى پياوانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان خه‌بات بكه‌ين و تێبكۆشين و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانمان ، لايلايه‌ ، لاوك ، حه‌يران و  هۆره‌  و گۆرانيتان بۆ بچرين .وه‌ك ئاماژه‌م پێدا له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى ڕابردوو كۆمه‌ڵێك ده‌نگى به‌سۆزو خاوه‌ن چريكه‌ى به‌رزو خۆش بوێرانه‌ گۆرانييان له‌سه‌ر ( قه‌وان _ سه‌فحه‌) و ڕاديۆ تۆماركرد وه‌، وه‌ك  ( دايكى جه‌مال ، مارى و خوخێ موسا _ نازدارو ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد ، ئه‌ڵماس محه‌مه‌د ، مريه‌م خان ، نه‌سرين شێروان ، فه‌وزيه‌ محه‌مه‌د و گوڵبه‌هار) به‌داخه‌وه‌ زۆريش هه‌بوون كه‌ بێ به‌ش بووين له‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كانيان ،وه‌له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌وێشه‌وه‌ تروسكايي به‌دى ده‌كرێت و چه‌ند خانمێك بوونه‌ته‌ پێشه‌نگ ، وه‌ك ( سه‌ديقه‌ى محه‌مه‌د نه‌ژاد ، شله‌ خه‌جێ و فه‌تانه‌ى وه‌ليدى ، شه‌هێن تاڵه‌بانى ، مه‌نيج حه‌يران ، پورنه‌مام  ، زوڵه‌يخا كيته‌ڵه‌و زوڵه‌يخا چووختى و ...تاد ) دڵنيام له‌شاره‌كانى ديكه‌ى رۆژهه‌ڵات  خانمانى ديكه‌ هه‌بن  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  ناوه‌كانيانم به‌رده‌ست نه‌كه‌وتن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسه‌كه‌مان له‌سه‌ر خانمانى بوارى هونه‌رى موزيك و گۆرانييه‌ ،  ده‌توانم  بڵيم  كه‌ له‌بوارى ڕاگه‌ياندن و بێژه‌ر و پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌ له‌ ڕاديۆى به‌غدا و تاران و كرماشان ئافره‌تى به‌توانا بوونيان هه‌بووه‌ و مێژوويه‌كى جوانيان تۆماركردووه‌.

كرۆكى باسه‌كه‌م يادكردنه‌وه‌يه‌كه‌ له‌سه‌ر خانمه‌ هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگخۆش و ڕچه‌شكێن ، زۆر به‌دبه‌ختى و نه‌هامه‌تى چه‌شتووه‌ له‌پێناو هونه‌ر و چرينى ستران به‌زمانى دايك ، ئه‌ويش خاتوو  ( ئايشه‌ شان ) ى هونه‌رمه‌ندى باكورى كوردستانه‌.

زۆر زه‌حمه‌ته‌  له‌ناو خانه‌واده‌يه‌كى ئايينى و ئيماندار به‌دنيابێت  و به‌ڵام هه‌ست و سۆزى هونه‌ر له‌ناختدا چركه‌ به‌چركه‌  چرۆ بكات و به‌زۆر ڕاتكێشێت و نه‌هێڵێت پشوو بده‌يت ،له‌لايه‌كى ديكه‌شه‌وه‌ نه‌ريته‌ كۆن و كۆت و به‌ندى دواكه‌وتوانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌،  هه‌موو شتێك بۆ ئافره‌ت له‌نگ و شووره‌يي بێت و نه‌هێڵێت خواست و ئاواته‌كانى به‌ئازادانه‌ بێنێته‌ دى  .

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان له‌ دياربه‌كره‌وه‌ بۆ ئيزمير ....!

ئايشه‌شان كچى پياوێكى ئايينى و ئيمانداربه‌ناوى ( عوسمان) خه‌ڵكى ( قه‌ره‌شداخه‌) سه‌ربه‌شارى (بينگوڵ) له‌هۆزى (جبريلا) يه‌ ، دايكى ناوى ( ئه‌ليفا ) يه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ى ( حاجى موسا به‌گي ) يه‌ خه‌ڵكى ( ئه‌رزه‌ڕوومه‌)

ئايشه‌ شان له‌ناو ئه‌و خانه‌واده‌ ئايينه‌يه‌  له‌ساڵى (1938) له‌شارى (دياربه‌كر ) له‌دايكبووه‌ ، خاوه‌نى برايه‌ك و  دوو خوشكه‌ به‌ناوه‌كانى ( زوهره‌ و ساليهه‌) .

باوكى ئايشه‌ شان كه‌سايه‌تيه‌كى ديار و ده‌نگخۆشێكى ناسراو و خاوه‌ن ده‌نگێكى دڵنيشن  بووه‌ ، خاوه‌ن ديوه‌خان بووه‌ و به‌ده‌يان شه‌و له‌ديوه‌خانه‌كه‌يدا تا به‌ره‌به‌يان ده‌نگخۆشان و گۆرانيبێژان كۆڕى به‌زم و گۆرانييان سازكردووه‌، به‌ڵام بۆ ئايشه‌شان وه‌ك ئافره‌تێك بۆى نه‌بووه‌ له‌نزيكه‌وه‌ به‌ديار ده‌نگى به‌سۆزى باوكى و لاوكبێژانه‌وه‌ دابنيشێت ، به‌ڵام له‌پشتى ده‌رگاوه‌ گوێي هه‌ڵخستووه‌ و له‌ڕووحه‌وه‌ تامه‌زرۆيي بيستنيان بووه‌ ، زۆر به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ بووه‌ له‌ته‌نيشتيانه‌وه‌ دابنيشێت ، به‌ڵام ئه‌و تێكست و ميلۆدييانه‌ به‌هه‌ست و چێژێكى زۆره‌وه‌ له‌سينه‌يدا هه‌ڵيگرتوون و پاراستوونى و  بوونه‌ته‌  بناغه‌ى داڕشتنى داهاتووى بۆ چرينى ستران و لاوك و زياتر شه‌يدا و هۆگرى گۆرانى ببێـت،خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان له‌و ڕوانگه‌يه‌ وه‌ ده‌ڵيت ( خۆزگه‌م ده‌خواست كه‌ ديواره‌كانى ماڵى ئێمه‌ له‌دياربه‌كر ، به‌زمان ده‌هاتن تاباسى شه‌و و ڕۆژه‌ خۆشه‌كانى كردبان ، من هه‌رده‌م له‌كون و قوژبنه‌كانى خانوومان گوێڕايه‌ڵى ده‌نگه‌ خۆشه‌كانى ده‌نگبێژانم ده‌كرد ، ئه‌گه‌ر كه‌سێكيش بانگى منى كردبا له‌ناكاو ڕاده‌چڵه‌كام ) (*1)

دواى كۆچى دوايي باوكى ، ژيان و گوزه‌رانى به‌ڕێچكه‌يه‌كى ديكه‌دا تێده‌په‌ڕێت و ژيانى ناخۆش و قورستر ده‌بێت ، له‌گه‌ڵ له‌ده‌ستدانى سۆزو هه‌ست و ئامێزى باوكى كه‌ چه‌ند سه‌خته‌ بۆى ، كه‌چى ئه‌و له‌خه‌م و په‌رۆش و نيگه‌رانى ئه‌وه‌دا بووه‌ ، كه‌ باوكى نه‌يتوانيوه‌ سترانه‌كانى تۆماربكات ، له‌بيرى ئه‌وه‌دا بووه‌ كه‌ لاوك و سترانه‌كانى باوكى نه‌فه‌وتێن وبه‌رده‌وام له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بووه‌ به‌دزى خانه‌واده‌كه‌يه‌وه‌ ئه‌و لاوك و سترانانه‌ى باوكى  شه‌وانه‌ له‌ديوه‌خانه‌كه‌يدا خوێندوونى له‌سه‌ر زارى بێـت و له‌مێشك و سينه‌يدا هه‌ڵيانبگرێـت و له‌هه‌مانكاتيشدا  له‌بيرى تۆماركردنى ئه‌و لاوك و سترانانه‌دابووه‌ كه‌ به‌ده‌نگى خۆى بيانخوێنێـت و تۆمارييان بكات .

هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان له‌سه‌ر داواو بڕيارى باوكى له‌ته‌مه‌نى (20) ساڵيدا ده‌بێـته‌ هاوسه‌رى ( سه‌ركه‌فت توران) ، له‌م هاوسه‌رگيرييه‌ ئايشه‌شان ده‌بێته‌ دايك و كچێكيان ده‌بێت ناوى ده‌نێن( شه‌هناز) ، ژيانى هاوسه‌رگيرييه‌كه‌ى درێژه‌ ناكێشێت له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ كه‌س و كارى هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌ ئافره‌تێكى نامۆى ده‌زانن و كاريگه‌رى له‌سه‌ر كوڕه‌كه‌يان داده‌نێن و هاوسه‌ره‌كه‌ى ئافره‌تێكى ديكه‌ ده‌خوازێت ، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ له‌نێونيانداو ئايشه‌ شان له‌گه‌ڵ شه‌هنازى كچى ته‌مه‌ن يه‌ك ساڵ و نيو واز له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى دێنێ و ده‌ست له‌ماڵ و مێردى خۆى به‌رئه‌دات، له‌لايه‌ن كه‌س و كارى خۆشييه‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرێت و ئه‌و كاره‌يان پێ باش نابێت، ئايشه‌شان به‌جه‌سته‌ و ده‌روونێكى شه‌كه‌ت و ماندووه‌ دياربه‌كر به‌جێ دێڵێت و ڕووده‌كاته‌ شارى ( عه‌نتاب) (*2)

چۆن به‌هره‌ى ده‌نگخۆشيي ئايشه‌ شان ئاشكراده‌بێت....؟!

بۆيه‌كه‌م جار له‌نێو كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت و ده‌سته‌ خوشكه‌كانى گۆرانى ده‌خوێنێ، له‌هه‌مان ڕۆژدا ده‌كه‌وێته‌ به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ر و هێرشى ده‌كرێته‌سه‌ر و سه‌رزه‌نشتى ده‌كه‌ن و له‌لايه‌ن ئه‌و ئافره‌تانه‌و خانه‌واده‌كه‌يه‌وه‌ به‌توندى به‌رپه‌رچى ده‌ده‌نه‌وه‌  و پێى ده‌ڵێن ‌ عه‌يبه‌ نابێت ئافره‌ت گۆرانى بخوێنێ ، هه‌واڵ ده‌گات به‌باوكى و پێى ده‌ڵێت ( گۆرانى گووتن بۆ  كچ و ئافره‌ت باش نييه‌ و له‌شه‌ريعه‌تى ئايينى  ئيسلامدا حه‌رامه‌و گوناحه‌)(*3)

له‌ شارى عه‌نتاب ده‌بێ ژيان و گوزه‌رانى خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان چۆن بووبێ ؟

له‌تاو بێكه‌سي و بێ جێگاو لانه‌ و دوور له‌زێدو كه‌س و كار، به‌په‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌و نه‌ريته‌ كۆنانه‌ كه‌ نابێت گۆرانى بخوێنێ و به‌جێهێشتنى هاوسه‌ر و ماڵه‌كه‌ى ، بۆئه‌وه‌ى به‌رگرى له‌خۆى بكات و ئه‌و سته‌مكارييانه‌ قبوڵ نه‌كات ، بڕيارده‌دات كاربكات تاخۆيي و كچه‌كه‌ى بژين ، سه‌ره‌تا كارى دروومان و  وه‌ك كارگوزارێك له‌ماڵان كارده‌كات ، به‌ڵام بيرهۆشيي هه‌رله‌لاى زيندووڕاگرتنى گۆرانييه‌كانى باوكيه‌تى كه‌نه‌فه‌وتێن وبه‌ده‌نگى خۆيي تۆماريان بكات، به‌هاوكارى كه‌سايه‌تيه‌ك به‌ناوى ( عه‌بدوڵلا نائيل بايشۆ) بۆماوه‌ى (2) ساڵ وه‌ك گۆرانيبێژ  له‌ڕاديۆى  عه‌نتاب داده‌مه‌زرێت ، ئه‌و ماوه‌يه‌ گۆرانى توركى ده‌خوێنێـت ، به‌ڵام هه‌رده‌م له‌بيرو هۆشيي ئه‌وه‌شدابووه‌ كه‌ ده‌توانێ به‌زمانى كوردى گۆرانى بڵێت ، ئه‌و كاره‌ش ده‌كات له‌وڕاديۆيه‌ گۆرانى كوردى ده‌خوێنێ ، له‌به‌رئه‌وه‌ى زمانى كوردى قه‌ده‌غه‌ بووه‌، به‌وهۆيه‌وه‌ له‌ڕاديۆى عه‌نتاب ده‌رى ده‌كه‌ن  و بێ كار ده‌مێنێـته‌وه‌.

 هێشتا هه‌رله‌ عه‌نتاب ڕۆژگار به‌ڕێ ده‌كات  هه‌واڵى كۆچى دوايي ( دايكى )  ده‌بيستێ ، جارێكى ديكه‌ به‌و هه‌واڵه‌ له‌ناخه‌وه‌ هه‌ره‌س دێنێ وله‌لايه‌ن كه‌س و كارييه‌وه‌ ئاگادار ناكرێت به‌رله‌كۆچى دوايي دايكى سه‌ردانى بكات. هونه‌رمه‌ند خۆشويستنێكى بێ هاوتاى هه‌بووه‌  بۆ دايكى  و شارى دياربه‌كر ، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ين له‌گۆرانييه‌كانى  چه‌ند گۆرانييه‌كى بۆ سۆزو گه‌وره‌يي دايك و دياربه‌كر چڕيوه‌ ، و ده‌ڵێت

( وڵاتێ من دياربه‌كر

ئه‌و شيرينه‌ مينا شه‌كر


والله‌ من بيريا ته‌ كر  )  

هێشتا برينى قوڵى له‌ده‌ستدانى دايكى ساڕيژ نه‌بووه‌ ،(شه‌هناز) ى جگه‌رگۆشه‌كه‌ى نه‌خۆش ده‌كه‌وێـت و بارى ته‌ندروستى زۆرخراپ ده‌بێـت تا له‌ناو ئامێزى دايكى گيان ده‌سپێرێت، ئه‌مه‌ش كاردانه‌و داڕمانێكى ده‌روونى خراپ له‌سه‌ر ئايشى شان درووست ده‌كات وبڕيارده‌دات شارى عه‌نتاب به‌جێ بهێڵێت ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان ده‌ڵێت ( كاتێك كچى من ته‌مه‌نى ساڵێك و نيو بوو له‌باژێڕى عه‌نتابێ به‌بێ كه‌سيي سه‌رى نايه‌وه‌، كچى من جوان و شۆخ و شه‌نگ بوو ، شارى عه‌نتاب له‌پێش چاوم ڕه‌ش و تاريك بوو ، ئه‌م شاره‌م له‌خۆم حه‌رام كرد ، ناچار بووم ئه‌م شاره‌ به‌جێبهێڵم و به‌ره‌و شارى ئيسته‌نبوڵ كۆچ بكه‌م) 

له‌سه‌ره‌تاى ساڵى شه‌سته‌كان خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ شارى ئه‌سته‌نبوڵ ، ئه‌وشاره‌ گه‌وره‌يه‌ ئه‌ميش بێ لانه‌ و هيچ شوێنێك و كه‌سێك ناناسێت، خۆيي داوه‌ته‌ ده‌ست چاره‌نووس ، له‌ئه‌سته‌نبوڵ  تواناى سترانچڕين و به‌هره‌ى هونه‌رى زياتر ده‌رده‌كه‌وێت  چونكه‌ ده‌ست به‌ردارى هونه‌ره‌كه‌ى نابێت ،تا له‌ڕێگه‌ى كه‌سێكى هونه‌ردۆست جووله‌كه‌ بووه‌ به‌ناوى  ( ئه‌لبيرت مشول) .

يه‌كه‌م ئه‌لبومى هونه‌رى خۆى تۆمارده‌كات  ، له‌وكاسێته‌دا (4) چوارگۆرانى،  دوو گۆرانى توركى و دووه‌كه‌ى ديكه‌ كوردى،به‌ناوى ( ئه‌ز خه‌زالم و خفشێ )  كه‌زۆر به‌خێرايي ئه‌و كاسێته‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ نوێيه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ ده‌بێته‌ پڕ فرۆشترين كاسێتى هونه‌رى به‌هه‌زارانى لێده‌فرۆشرێـت، به‌ڵام جێى داخه‌ بڕێكى كه‌م پاره‌ ده‌ده‌ن به‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان  و مافى خۆيي پێ ناده‌ن، وداهاتێكى زۆر بۆ كابراى جوله‌كه‌و كۆمپانياكه‌ ده‌بێـت.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان به‌و شێوه‌ ده‌رده‌دڵى خۆى ده‌كات له‌و ژيانه‌ى كه‌له‌ئه‌سته‌نبول  ڕووبه‌ڕووى بۆته‌وه‌  ( ژيان به‌رده‌وام بوو به‌ڵام هيچ كه‌سێكم نه‌ده‌ناسى ، ده‌وڵه‌مه‌ند  و مليۆنێر خاوه‌نى هه‌موو شتێك بوون ، به‌ڵام من به‌ته‌نيا هه‌ژار و نه‌دار بووم ، دووجار هه‌وڵى خۆكوشتنمدا به‌ڵام له‌دوايدا په‌شيمان ده‌بوومه‌وه‌ ، گوشارێكى توند له‌سه‌ر ده‌روونم هه‌بوو، فرۆشيارى كاسێته‌كه‌م به‌ پاره‌يه‌كى باش كاسێته‌كانمى ده‌فرۆشت و له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌يه‌كى زۆر كه‌مى به‌ من ده‌دا ) 

له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتن  و ناوبانگى زياتر په‌يداكردن له‌دنياى هونه‌ر و له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ به‌ زمانى كوردى گۆرانى خوێندووه‌ ، بێگومان فشار و دژايه‌تيه‌كى زۆر و ڕێگرى و به‌ربه‌ست  له‌به‌رده‌ميدا كراوه‌ له‌لايه‌ن هونه‌رمه‌نده‌ توركه‌كانه‌وه‌،  هونه‌رمه‌نده‌ شۆخ و شه‌نگه‌كه‌ى كوردان كۆڵى نه‌داوه‌و  به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ پيرۆزه‌ى و درێژه‌ دان به‌كارى هونه‌رى ، له‌لايه‌ن سيايه‌تى توركياوه‌ ڕێگه‌ى پێنادرێت كه‌به‌رده‌وام بێت و پۆليسى تورك بێزارى ده‌كه‌ن و نايه‌ڵن كه‌ گۆرانى بخوێنێ، بۆده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ پڕ چه‌رمه‌سه‌رييه‌و ڕێگرى له‌ئازادى هه‌ست وده‌ربڕين و خوێندنى گۆرانى به‌زمانى دايك ،  به‌ناچارى له‌ساڵى (1972) ڕووده‌كاته‌ وڵاتى ئه‌ڵمانيا ، له‌شارى ( ميوشن _ ميونيخ ) ماوه‌ى چوار ساڵ نيشته‌ جێ ده‌بێت ، له‌ئه‌ڵمانيا و چه‌ند وڵاتێكى ديكه‌ى ئه‌وروپا ،ئاهه‌نگ و كۆنسێرت سازده‌كات .

 خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ڕۆحه‌وه‌ تێكشكاوه‌ و به‌نائومێدى و بێ هيواى له‌ماڵباته‌كه‌ى هاتۆته‌ ده‌ر و هه‌موو كات له‌بيرى خوشك و برا و كه‌س و كار و زێده‌كه‌يدا بووه‌ ، ئێستاش كه‌ له‌ژيانى غوربه‌ت و نامۆييدا ده‌ژيي، ئازاره‌كانى دوو هێنده‌ زيادى كردووه‌ و هه‌موو كات حه‌زو خولياى  ديده‌نى كه‌سوكاره‌كه‌ى  وه‌ك مه‌لێك ده‌داته‌ شه‌قه‌ى باڵ و به‌ره‌و دياربه‌كر هه‌ڵده‌فڕێت ، له‌ساڵى (1975) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌سته‌نبوڵ،خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان  ، ده‌نگخۆشێكى خودايي به‌خشنده‌ و زاده‌ى چيا  و ده‌شت و دۆڵ و ژينگه‌ى پاك و جوانى كوردستانه‌ ، ماوه‌ى چه‌ند ساڵيكه‌ له‌و سرووشته‌ دڵڕفێنه‌ى كوردستان دووره‌و ، دڵى مه‌يل ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شوێنى له‌دايكبوونى ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند له‌مێژبووه‌  خه‌ونێك و ئاواتێكى هه‌بووه‌ سه‌ردانى باشوورى كوردستان بكات ، چه‌ندجارێكيش هه‌وڵى داوه‌، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كان به‌خواستى ئه‌و نه‌بووه‌ ، تا وه‌رزى پايزى ساڵى (1979) ئه‌و هه‌له‌ى بۆ ده‌ڕه‌خسێت و به‌خۆشحاڵييه‌وه‌ ڕووده‌كاته‌ باشوور و دێته‌ شارى هه‌ولێر و دهۆك ،   هونه‌رمه‌ندانى شارى هه‌ولێر ئامێزى به‌خێرهاتن و شادمانى بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ ، (تيپى هونه‌رى هه‌ولێر ) له‌و ماوه‌يه‌دا كۆنسێرتێك  له‌هۆڵى (گه‌ل ) و ئاهه‌نگێكى له‌يانه‌ى (فه‌رمانبه‌ران )  بۆ سازده‌كه‌ن ،  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان له‌ كۆنسێرته‌كه‌ى هۆڵى گه‌ل له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو سۆزو خۆشه‌ويستى و ڕێزلێنان و به‌خێرهاتنه‌ى لێكراوه‌  له‌سه‌ر شانۆ به‌م شێوه‌يه‌  هه‌ستى خۆى ده‌ربڕيوه‌  ( خوشك و براى عه‌زيز، ئه‌ز مه‌سروورم ، به‌ختيارم ، پڕ مرازى دڵى من بوو ، ئه‌زبێمه‌ عێراقێ ، مه‌مله‌كه‌تێ عه‌زيز ، ده‌ساڵ  و پازده‌ ساڵه‌ مرازم دكر ئه‌ز بهاتيامه‌ ، به‌ڵێ قيسمه‌ت نه‌بوو، ئيمسال ئه‌ز نه‌خۆش كه‌تم شه‌ش‌ ، حه‌فت دختۆر ل سه‌ر سه‌رێ من بوون ، دختۆره‌كان گوتى : مه‌ڕۆ عێراقێ ، ڕێگه‌ دووره‌ بۆته‌ نه‌باشه‌ ، منێ گوت ئه‌گه‌ر ئه‌ز بمرم ، دێ هه‌ڕم )

 هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( وريا ئه‌حمه‌د) له‌ياده‌وه‌رييه‌كانى خۆيدا باسى ئه‌و رۆژه‌ و  ئاهه‌نگانه‌مان به‌وشێوه‌يه‌ بۆ ده‌كات  ( له‌به‌ر زۆرى  ئاماده‌بوونى جه‌ماوه‌رى شارى هه‌ولێر ، به‌په‌رۆشه‌وه‌ بوون بۆ ديدارو ده‌نگى  خۆشيي ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌  شيرينه‌ى كورد ئايشه‌ شان ، له‌ناو هۆڵه‌كه‌دا جێگا نه‌مابوو ، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌كه‌  مابوونه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ ئايشه‌ شان به‌كوێرايي چاوى دوژمنان جل و به‌رگى نه‌ته‌وه‌يي ڕه‌نگ سوورى پۆشيبوو، هه‌رئه‌وڕۆژه‌ هونه‌رمه‌ندانى نه‌مر ( تايه‌ر تۆفيق ، مام ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، ته‌حسين ته‌ها و فوئاد ئه‌حمه‌د ) له‌سه‌ر شه‌ره‌فى ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ميوانه‌ هه‌ريه‌كه‌ و به‌گۆرانييه‌ك به‌شدارى ئه‌و كۆنسێرته‌‌يان  كرد ، له‌به‌شێكى  ديكه‌ى بيره‌وه‌ريه‌كانيدا مامۆستا وريا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت : هه‌رئه‌و ماوه‌يه‌ شه‌وێك له‌يانه‌ى فه‌رمانبه‌ران جگه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مرانه‌ پێشتر ناوم هێنان گۆرانيبێژى كۆچكردوو ( حه‌يده‌ر به‌قاڵ _ حه‌يده‌ره‌ كه‌چه‌ڵ) گۆرانييان خوێند، هه‌روه‌ها ئاهه‌نگى تايبه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌د عارف جزيرى  ، حه‌سه‌ن جزيرى ، عيسا به‌روارى  و ته‌حسين ته‌ها ساز و تۆماركرد  ) 
 
له‌م سه‌ردانه‌يدا خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان ناوبانگێكى زێده‌ترله‌باشوورى كوردستان ده‌رده‌كات و به‌رهه‌مه‌كانى  پێشوازييه‌كى زياترى لێكراوه‌ .

 به‌هه‌وڵ و هيمه‌تى كه‌سانى دڵسۆزو خه‌مخۆر ئه‌و خانمه‌  ده‌نگ زوڵاڵه‌ ده‌يگه‌يه‌ننه‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا و له‌وێ چه‌ندين ولاوك وستران تۆمارده‌كات  و له‌ ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوكيش  لاوكى ( قه‌ده‌رێ يار ) تۆمارده‌كات ، ئه‌م گه‌شته‌ى خانمه‌ هونه‌رمه‌ند بۆشاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك و له‌نزيكه‌وه‌ ئاشنابوون به‌ده‌نگ و ڕه‌نگى گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانى باشوور ، جگه‌ له‌وه‌ى هونه‌ره‌كه‌ى خۆى نوێكرده‌وه‌ به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ئاراميي و ئاسووده‌يي ده‌كات چونكه‌ له‌ناو هاوزمان و كه‌س وكار و نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆيدايه‌و به‌ئازادانه‌ به‌زمانى شيرينى كوردى ده‌دوێ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ ماوه‌ كورته‌ ، ديسانه‌وه‌ لێره‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌و فشار له‌لا‌يه‌ن حيزبى به‌عسه‌وه‌ و ئاگادارده‌كرێت كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ توركيا،

له‌گه‌ڵ  ئه‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌يه‌ى له‌ناخيدا هه‌ميشه‌ بوونى هه‌بووه‌ و هه‌ميشه‌ ئازارى له‌ دوورى له‌زێد و كه‌س و كاره‌كه‌ى چه‌شتووه‌ ، به‌ڵام خه‌مى نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كه‌شى فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ ،

لاوك و سترانه‌كانى  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان ،هه‌ريه‌كه‌ بۆ خۆيان چيرۆك و داستانێك له‌ مێژووى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و گۆرانيي و لاوكانه‌ى كه‌ برين و ئازاره‌كانى دڵى خۆيي و دوورى له‌دايك و ئه‌وانه‌ى له‌باوكه‌وه‌ به‌ميرات بۆى مابوونه‌وه‌ وگۆرانييه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له‌سه‌ر كاره‌سات و ڕووداوه‌كانى به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌يدا هاتووه‌ چڕيونى .

نموونه‌ى گۆرانيي و لاوكه‌كانى  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان ( بێريڤانێ ، جه‌به‌لى ، مه‌م و زين ، مه‌يرۆ و  حه‌سه‌نيكۆ ،  قه‌ده‌رێ يار،  دايكێ قوربان  و ئاڤا چه‌مێ دياربه‌كر ، ديسا ئيرۆ تێيه‌ لێمه‌ لێمه‌ ، حه‌جێ خانم  ، ديسا ئيرۆ دڵێ من شه‌وتى ، دايكا من كه‌وت بيرا منه‌، دهێسترێن چاڤێن من ، غه‌ريبا خوه‌دێ ، وه‌ك بارانا به‌هارێ ، تێ ژ خوه‌را ناسه‌كينه‌، د ئه‌يواخ دايێ  غه‌ريبم دايێ بێ كه‌سم دايێ  )  و گۆرانييه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى  ( وه‌رن وه‌رن پێشمه‌رگه‌ ، نه‌ورۆز ، شرناخ ،  مه‌گرى ) 

هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان له‌كۆتا ساڵه‌كانى ته‌مه‌نيدا له‌شارى (ئيزمير ) نيشته‌جێ ده‌بێـت ، له‌ فه‌رمانگه‌ى (پۆست ) ى ئه‌و شاره‌ كارده‌كات ، درێژه‌ى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ساڵى (1991) به‌رده‌وامى بووه‌ ، ئيتر واز له‌لاوك و سترانچڕين دێنێ ، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ساڵى (1992) دووچارى نه‌خۆشيي ( شێرپه‌نجه‌  ) ده‌بێت .

به‌ده‌ست ئازارى نه‌خۆشيي و ده‌ردى هه‌ژارى و بێكه‌سى  و دوور له‌ ئاوهه‌واى زێد و نيشتمانه‌كه‌ى ده‌ناڵێنێ و ژيانێكى سه‌خت به‌ڕێ ده‌كات ، تا ده‌كه‌وێته‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌شارى ئيزمير ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندى ،هونه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند و لێوان لێو له‌ ستران و لاوك ، له‌ ڕێكه‌وتى (18/12/1996) له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئيزمير گيان ده‌سپێرێت و بۆ هه‌ميشه‌ به‌وهيوايه‌ بووه‌ ڕۆژێك بێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ دياربه‌كر و به‌ديدارى كه‌س و كاره‌كه‌ى شادبێته‌وه‌ ،به‌داخه‌وه‌ چاوه‌كانى لێك ده‌نێ و گۆڕ غه‌ريب ده‌بێت و ماڵئاوايي له‌هونه‌ر ى ستران و لاوك و نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌كات، به‌ڵام  ناو و هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ى بۆ هه‌ميشه‌ له‌ناو ڕۆح  و دڵ و ده‌روونى نه‌ته‌وه‌كه‌يدا ده‌مێنێته‌وه‌، ڕۆحى شاد و ياد و ياده‌وه‌رى و لاوك و سترانه‌كانى هه‌موو كات به‌رز و پڕشكۆ بن.

جه‌مالى ده‌لاك  18ی12ی2024

 سه‌رچاوه‌ : (*1و3 و  4 و 6 و 9)  بابه‌تێك له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئايشه‌ شان به‌ناوى ( عه‌يشه‌ شان له‌كاتى خۆيدا نه‌هات) له‌نوسينى ( بازێ قه‌نديلێ) له‌سايتێك به‌ ڕێنوسى لاتينى  نوسرابوو،  به‌داخه‌وه‌ ناوى سايته‌كه‌م نه‌زانى، ساڵى 2018 وه‌رمگرتووه‌ .

(*2) عائيشه‌شان ....سايتى ( بنكه‌ى ڕوناكبيرى گه‌لاوێژ _18/12/2019)

(*5 و 7) كتێبى ، گۆرانيبێژه‌ نه‌مره‌كان _ به‌شى يه‌كه‌م  _ باكوورى  _لاپه‌ڕه‌(202)

(*8) خانمه‌ گۆرانيبێژى كورد ئايشه‌ شان _ گۆڤارى چلاواز _ ژماره‌ ( 53) حوزه‌يرانى 2010 _ ئاماده‌كردنى  (هاژه‌) لاپه‌ڕه (‌ 28)

 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.