Erbil 18°C یەکشەممە 20 نیسان 00:35

ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی سووریا تا ئێستا بەردەوامە

کوردستان TV
100%

نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، تا ئێستاش هاووڵاتییانی سووریا بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان ئاوارە دەبن و بەگویرەی دوایین ئاماریش لە ماوەی دەستپێكردنی شۆڕشی سووریا تا دوێنێ پێنجشەممە زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی سووری ئاوارەی وڵاتان بوون.

نووسینگەی هەماهەنگی كاروباری مرۆیی لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: تا دوێنێ پێنجشەممە ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی سووریا لە شوێن و ناوچەكانیان بەردەوامی هەبووە.

بەگویرەی داتاكان لە دەستپێكی هێرشی گرووپە چەكدارەكان لە رۆژی 27ی مانگی رابردوو تا دوێنێ پێنجشەممە زیاتر لە 1.1 ملیۆن هاووڵاتی سووریا ئاوارەبوون.

هەروەها دەركەوتووە زۆرینەی رێژەی ئاوارەكان منداڵ و ئافرەتن.

نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە دا كە لە ناردنی كۆمەك و هاوكاری بۆ هاووڵاتییانی سووریا بەردەوام دەبن و بەتایبەتیش كۆمەكی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە كە مەزلووم عابدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دوێنێ پێنجشەممە هۆشداری دا كە جموجۆڵەكانی چەكدارانی داعش لە زۆریك لە ناوچەكانی سووریا زیادیان كردووە و مەترسی هەیە بە هێزەوە بگەڕێنەوە و هێرشەكانیان دەست پێ بكەنەوە.

دوای چەند رۆژێك لە دەستپێكردنی شۆڕشی سووریا، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارەكان رۆژی یەكشەممەی رابردوو كۆنتڕۆڵكردنی شاری دیمەشق پایتەخت و كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.