ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دۆخی سووریای تاوتوێ کرد و ھاوکات نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، گێیر پێدەرسن ڕایگەیاند کە ماوەیەکی زۆرە ھۆشداری لە پەرەسەندنی گرژییەکانی لە سووریا داوە.
شەوی ڕابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا بە تایبەتیش پێشھاتەکانی حەلەب ئەنجامدا.
لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، گێیر پێدەرسن قسەی کرد و گوتی: ماوەیەکی زۆرە ھۆشداریم لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سووریا داوە، ھەروەھا نابێت دۆخەکە بەمشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە سێ ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیی لە سووریا زیادیکردووە.
گوتیشی: لە ھەفتەی ڕابردوودا، گۆڕانکاریی گەورە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە سووریا ڕوویداوە کە بووە ھۆی گۆڕانکاریی لەو دۆخەی کە نزیکەی چوار ساڵ بوو ھەبوو، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە.
ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە تورکیا ئەم پەرەسەندنانە بە "وەڵامێک بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکانی پڕۆسەی ئاستانا" لەقەڵەمداوە، ھەروەھا ڕاشیگەیاند کە بارودۆخی ناجێگیری ئێستای ناوچەکە بۆ ھەندێک لایەن سەرچاوەی ھیوایە و بۆ ھەندێک لایەنی دیکەش جێگای نیگەرانییە.
پێدەرسن گوتیشی: ئێستا ئێمە پێویستمان بە ھێورکردنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان ھەیە، ھەروەھا وەبیری سەرجەم لایەنەکان دەهێنینەوە کە پێویستە پابەندبن بە یاسای نێودەوڵەتی و چارەسەرێکی سیاسیش بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی سووریا بدۆزنەوە.
لە میانی دانیشتنەکەدا ناکۆکی و دەمەقاڵی لەنێوان نوێنەری ھەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبێنزیا و جێگری نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆبێرت وود دروست بوو.
لەمبارەیەوە نوێنەری ھەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبێنزیا ڕایگەیاند کە ھیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوا داوای ئەنجامدانی ئەم دانیشتنەی نەکردووە و گوتی: ھیچ شاندێکی ڕۆژئاوا پاڵپشتی ئەم دۆسیەیەی نەکردووە، لەنێویاندا ئەمریکا، چونکە پێدەچێت پەیوەندییان بە دۆخی سووریاوە نەبێت کە ڕووبەڕووی ھێرش بووەتەوە.
ھەروەھا ڤاسیلی نیبێنزیا ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە ھەوڵدەدەت لە میانی بە سیاسیکردنی گفتوگۆکان دووبەرەکی دروست بکات.
گوتیشی: بە توندی سەرکۆنەی ئەوھێرشە دەکەین کە دەستەی تەحریر شام دەستیان پێکردووە و بووەتە مایەی شڵەژانی سەقاگیریی و ئاڵۆزکردنی دۆخی سووریا.
لەبەرامبەردا جێگری نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆبێرت وود باسی لە پێشڕەوییەکانی ھەفتەی ڕابردووی گرووپە دژبەرەکانی ڕژێمی سووریا کرد و گوتی: پابەند نەبوون بە بڕیاری "2254"ی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ئێستای دروستکردووە.
ھەروەھا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئێران، ڕووسیا و حیزبوڵڵا لە ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا و جەختی لەوە کردەوە: ئەم سێ لایەنە بەم دواییانە، بەھۆی ململانێکانەوە لە ناوچەکانی دیکەوە سەرقاڵ بوون بۆیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان کە چەند لایەنێکی دیکە لە سووریا ھەوڵیانداوە سوود لەم دۆخە وەربگرن کە ئەمەش سەرسوڕھێنەر نییە.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەمریکا "دەستەی تەحریر شام-ی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی"، ناساندووە، ھەروەھا حکوومەتی ئەمریکا ھیچ پەیوەندی بەو ھێرشانەوە نییە کە ئێستا لە سووریا ئەنجام دەدرێن.
ناوبراو نیگەرانیی ئەمریکای نیشاندا سەبارەت بە فراوانبوونی ھەژموونی دەستەی تەحریر شام لە سووریا و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و پاراستنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.