سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل دۆخی ئاوارتەی لە وڵاتەکەی کۆتایی پێ هێنا و ئەو هێزانەی کە بۆ ئەم مەبەستە ئەرکداری کردبوون، پاشەکشەی پێ کردن.
دوای ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە لە لایەن سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل کە بە بیانووی "دژایەتیکردنی دەوڵەت لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە" ڕاگەیاندرابوو، لە بڕیارێکدا دۆخەکە کۆتایی پێ هێنرا.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی هەواڵی کۆریای باشووری Yonhap، بڕیاری ئاوارتە دوای پێنج کاتژمێر لە ڕاگەیاندنی، بە فەرمی کۆتایی پێهات ئەوەش دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کە بە سەرپەرشتی سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل بەڕێوەچوو.
سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەستبەجێ دوای بڕیارەکەی پەرلەمان کە دەنگی بە هەڵوەشانەوەی دۆخی ئاوارتە دابوو، هێزەکانی لەسەر شەقام و لەناو پەرلەمان کشاندووەتەوە.
- دۆخی ئاوارتە ڕاگەیاندرابوو
سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل دۆخی ئاوارتەی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە دابوو کە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەستیان هەبووە لە چالاکییەکانی دژ بە دەوڵەت.
یۆل وێڕای ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە لە وڵاتەکەیدا، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دۆخە بە مەبەستی بنبڕکردنی چالاکییەکانی دژ دەوڵەت و پاراستنی دەستووری ئازادی وڵات ڕاگەیاندراوە.
دەگوترێت، ئەو بڕیارەی سەرۆکی کۆریای باشوور دوای ئەوە هات کە حزبی دیموکراتی ئۆپۆزسیۆن یاسای بوودجەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕەت کردووەتەوە و داوای کردووە کە لێپرسینەوە لە دەوڵەت و داواکاریی گشتی و چۆنییەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەیان بکرێت.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور لە ڕاگەیاندراوێکدا فەرماندەکانی سوپای بۆ کۆبوونەوە بانگهێشت کردووە و هەروەها داوای کردووە کە هۆشیاری لە ڕێزەکانی سوپا پارێزراو بێت.
پەرلەمانی کۆریای باشوور بە مەبەستی هەڵگرتنی ئەو بارە لە ناکاوەی کە یۆن سوک یۆل ڕایگەیاندبوو، بە پەلە کۆبوویەوە و لە کۆی 300 دەنگ، بە دەنگی 190 پەرلەمانتار دۆخی ئاوارتە ڕەت کردبوویەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.