ئەمشەو سێشەممە سوپای كۆریای باشوور چووە نێو باڵەخانەی پەرلەمان لە سیئۆڵی پایتەخت، دوای ئەوەی سەرۆكی ئەو وڵاتە باری لەناكاوی لە وڵات راگەیاند.
میدیاكانی كۆریای باشوور ساتی دابەزینی ئەندامانی سوپای وڵاتەكەیان لە رێگەی هەلیكۆپتەرەوە لەسەر باڵەخانەی پەرلەمان و دەركردنی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانیان بڵاو كردەوە.
وەك كاردانەوەیەك بۆ داخستنی پەرلەمان، خۆپیشاندان لەبەردەم دەرگای باڵەخانەی پەرلەمان دەستی پێ كرد و هاووڵاتییان بە توندی دژی ئەم بڕیارەی سەرۆكی وڵاتەكەیان دەوەستنەوە.
ئەمشەو سێشەممە یوان سووك یۆل سەرۆكی كۆریای باشوور لە گوتارێكی تەلەفزیۆنیدا باری لەناكاوی لە وڵات راگەیاند و سوپای وڵاتەكەی خستە تەواوی ئامادەباشییەوە.
یۆل لە گوتارەكەدا راگەیاند: ئۆپۆزیسیۆن كاروباری حكوومەتی پەكخستووە و دەستی بەسەر پەرلەمانی وڵاتدا گرتووە، بۆیە ناچارن هەڵوێست بنوێنن.
سەرۆكی وڵات ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەكەی بە لایەنگری كۆریای باكور تومەتبار كرد و جەختی كردەوە كە ئەوان كار دەكەن بۆ پاراستنی دەستوور و سیستەمی دیموكراتی لە وڵاتەكەیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.