ئهمڕۆ چوارشەممە، 20ـی11ی 2024، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكوومهتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگەیاند، بە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانانی حكوومهتی عێراقی فیدراڵ، توانیمان بە سەرکەوتووی بگەینە یەکەم ڕۆژی سەرژمێری.
وەزیری پلاندانان ڕایدهگهێنێت، سوپاسمان هەیە بۆ دەستەی ئامار و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و یەکە بەیەکەی دەستەی ئاماری کوردستان هەیە، کە توانیویانە بە بوێرانە و بە ماوەیەکی کەم و کەمترین بودجە، زۆرترین کار بکەن.
دارا ڕەشید، ڕاشیگەیاند: سوپاسی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەین، کە گەڕاونەتەوە شوێنی مێژووی باب و باپیرانیان، هیوادارین ئەوانەشی ماون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بۆ ئەوەی سەرژمێر بکرێن، چونکە ئەوەی لە 20 و 21ـی ئەم مانگە سەرژمێری دەکرێت بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناونووس دەکرێن.
باسی لەوەش کرد، هەرێمی کوردستان زۆر لە مێژە چاوەڕێی سەرژمێری دانیشتووانە، چونکە ئەو سەرژمێرییە زۆر گرنگە، ئەو سەرژمێرییەش ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی دیاری دەکرێت،دوای سەرژمێریش، چیدی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان یاریی پێناکرێت و بە میزاجی سیاسییەکان دیاری ناکرێت.
کاتژمێر 7ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی11ی2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە 21ی11ی2024 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.