لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە خاوەنی فەیسبووكی "چارەسەری كێشەی خێزانی" دەستگیر كرا بەتۆمەتی هەڕەشەكردن لە ئافرەتان و وەرگرتنی پارە لێیانەوە.
ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتبار (هـ. ع. ح) دەستگیر كرا، تۆمەتباری ناوهاتوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەڵسابوو بە دروستکردنی هەژمارێک بەناوی (چارەسەری کێشەی خێزانی) و لەگەل ژمارەیەک ئافرەت کەوتبووە پەیوەندییەوە بەناوی چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکانیان.
بڵاویشی كردەوە: تۆمەتبارەكە بە پلان وێنە و گرتەڤیدۆی ئەو ئافرەتانەی تۆمار کردبوو، پاشان هەڵسابوو بە هەڕەشەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤێدیۆکانیان یان ڕەوانەکردنی بۆ کەسوکارەكانیان، لەبەرامبەر ئەنجامنەدانی ئەم کارەش بڕێکی زۆر پارەی لە ئافرەتەکان وەرگرتووە.
ئاسایشی هەولێر جەختیشی كردەوە كە بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبن لەسەر ئەم جۆرە کەسانە و هەموو هەوڵێکی خۆشیان دەخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنیان.
داواشی لە هاووڵاتییان كرد پەیوەندییەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان سنووردار بکەن و متمانە بە کەسانێک نەکەن کە نایانناسن و جێگای متمانە نین. هەروەها داواشی كرد هەر کەسێک سکاڵای یاسای لەسەر ئەم تۆمەتبارە هەیە با سەردانیان بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.