Erbil 14°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 21:33

وەزارەتی ناوخۆ رێوشوێنەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری و قەدەغەی هاتوچۆ بڵاو دەكاتەوە

100%

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەک شەممە بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەڕێزان پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە درا:-

یەکەم

فەرمانبەران و کارمەند و ئەفسەران، ئەوانەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، پێویستە لە رۆژانی 17 و 18 و 19ی تشرینی دووەم لەو شوێنانە بن بۆ ئەوەی لەلایەن بژمێرەکانی سەرژمێری زانیارییە سەرەتاییەکان تۆمار بکەن. دواتر پێویستە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەم، وەکو ئەوەی لە ڕینماییەکانی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە، لەو شوێنانە بمێنن بۆ ئەوەی بژمێرەکان پشتڕاستی زانیارییەکان بکەنەوە و دڵنیا بن لەوەی هیچ خانەوادەیەک یان ئەندامی خانەوادەیەک لەبیر نەکراوە.

پێویستە هاونیشتیمانیان بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن و لەو ناوچانە خۆیان ناونووس بکەن.

ئەوانەی گوند و لادێکانیان خاپوو کراوە و شوێنی مانەوەیان نییە، دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی ئێستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ناونووس بکەن، بەڵام ئاماژە بە زێدی ڕەسەنی خۆیان بکەن و هۆکاری ڕاگواستن و دەرکردنیان تۆمار بکەن.

دووەم

دەربارەی دانیشتووانی خۆجێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە هاونیشتیمانییان بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیان وەکو کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بژمێر تەواوی زانیاری خێزانەکەیان بە ڕاستی و دروستی تۆمار بکات.

سێیەم

هەر هاووڵاتییەک بە هەر هۆکارێک لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان نییە، پێویستە خانەوادەکەی بەڵگەنامە پێویستەکانی وەکو کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، لە لای خۆیان ئامادە بکەن و پێشکەشی بژمێری بکەن بۆ تۆمارکردن.

چوارەم

بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری، کاتژمێر 12ی شەوی 19 لەسەر 20 تا کاتژمێر 12ی شەوی 21 لەسەر 22ی تشرینی دووەمی 2024، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەندرێ، هاووڵاتییان پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن تا سەردانیان بکەن و زانیارییەکانیان بە دروستی تۆمار بکەن.

هاتنە دەرەوە و هاتوچۆی ناوشارەکان و نێوان شارەکان سنووردار دەبێت و تەنها تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، ڕۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، بە سنوورداری کراوە دەبن.

هەر دامودەزگایەکی دیکەی کەرتی گشتی و تایبەت کە سروشتی کارەکانیان پێویست دەکات، بە سنوورداری ڕێگای هاتوچۆیان پێ دەدرێت. نوێنەران و کارمەندانی نێردە دیبلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسانی بیانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە قەدەغەی هاتوچۆ ڕیزپەڕ دەکرێن.

پێنجەم

فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشتیاری و هاتن و جوولەی بازرگانی کراوە دەبن.

شەشەم

دەسەڵات دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەی کارەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.