وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو سێ پێشمەرگەیە كرد كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە كاتی كێوماڵكردن لە دووزخورماتوو بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەیان تەقییەوە و شەهیدبوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە ناوچەی دووزخورماتوو لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستاندا، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی فەوجی 3ی لیوای 1ی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا تەقییەوە.
لە ئەنجامی تەقینەوەكە عقید روکن سامان سابر سلێمان فەرماندەیی فەوجی سێ، عقید ئەندازیار محەمەد رەزا کریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ی سوپای عێراق، ن. ظ شەریف ئەحمەد محەمەد شەهیدبوون.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەین، هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە و تەندروست باشی بۆ بریندارانیش دەخوازین".
راشیگەیاند "خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە كە هێزی پێشمهرگه لهئامادهباشی تەواو دایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان".
هەروەها رایگەیاند "جمجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا".
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا كە هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان. جەختیشی كردەوە كە لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاری سوپای عێراق بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.