ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەی باڵای ئەمنی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق كۆبووەوە، تێیدا داوا لە هاووڵاتییان كرا لەماڵەوە بمێننەوە و بەشداری پرۆسەكە بكەن.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بایەخ و گرینگی پرۆسەی سەرژمێری گشتی کرا و هانی هەموو هاووڵاتییان درا کە بە ئامادەبوون لە ماڵەوە بە ڕاستی و دروستی داتاکانی خۆیان لەو پرۆسەیە تۆمار بکەن.
ئەوەی پەیوەندی بە هاونیشتمانیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە بە ناوچەکانی ماددەی 140 ناسراون، کۆبوونەوە هانی هاووڵاتیانی دا ئەوانەی دەتوانن شوێنی مانەوە دابین بکەن، لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی 17 تا 19 تۆمار بکرێن و دواتریش لە ڕۆژانی 20 و 21 داتاکانیان پشت ڕاست بکرێتەوە و لەو ناوچانە کە زێدی خۆیان و باب و باپیریانە، تۆمار بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.