Erbil 14°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 19:43

سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکوومەت ده‌كات

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان دەکات
100%


ئەمڕۆ یەکشەممە 11/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان ( USKBC) کرد، کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێکهاتبوو.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکومەت کرد، کە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیيانە بەڕێوەچوو، هەروەها کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو.لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە و ئامانج لە سەردانەکەیان دەربڕینی پشتیوانی و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت وێڕای ئاماژەدان بە گۆڕانکاری و پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و پرۆژەی (هەژماری من) و کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران.

لە بە شێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرنگيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد، کە وەستانی، زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە بودجەی گشتی داوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکوومەت وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانی دایەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.