سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە سیناتۆری پارتی کۆماریی لە ویلایەتی فلۆریدا، مارکۆ روبیۆ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەستنیشان کردووە.
تیمی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە حکوومەتی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، مارکۆ روبیۆ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، دەستنیشان کراوە.
پێشتر میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردبوویەوە کە دۆناڵد ترەمپ بە نیازە مارکۆ روبیۆ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، دەستنیشان بکات.
مارکۆ روبیۆ بەوە ناسراوە کە ھەڵویستی توندی بەرامبەر بە ئێران و چین ھەیە و پاڵپشتی بەھێز لە ئیسرائیل دەکات.
ھەروەھا مارکۆ روبیۆ بە کەسێکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ ناسراوە، جگە لەوەش پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ بەرپرسی ستافی نوێی کۆشی سپی، سوزی وایڵز-دا ھەیە.
چاوەڕاون دەکرێت، ئەگەر مارکۆ روبیۆ لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەست بەکار بێت، ئەوا گرژی زیاتر دەکەوێتە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن، تاران و پەکین.
مارکۆ روبیۆ بۆ بە دەستبەکاربوونی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی پیران، ھەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.