ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا له‌گه‌ڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، پەیوەندییەکانی فه‌ره‌نسایان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هه‌نگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزباییی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە ڕێژه‌ی به‌رزی بەشداریکردن کرد کە گرنگیدانی هاووڵاتییان بە داهاتووی هەرێمی کوردستان دەردەخات. هەردوولا میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمیان تاوتوێ کرد و لەمبارەیەوە جەختیان لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە کە وه‌ڵامگۆی خواستەکانی خەڵک و ئامانجەکانیان بێت لە گەشەپێدان و سەقامگیری.
لای خۆیه‌وه باڵیۆزی فەرەنسا جەختی لە به‌رده‌وامیی پابەندیی وڵاتەکەی له یارمه‌تیدان و پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسای بۆ پرسەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان دووپات کرده‌وه.
له دیدارەکەدا باس له‌دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە و پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی عێراق کردەوە. هه‌روه‌ها لەسەر گرنگیی هاریکاریی هاوبه‌ش بۆ ڕێگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاوڕا بوون.
دۆخی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی ئەمه‌ریکا و چەندین بابەتی دیکەی جێی بایه‌خی هاوبەش، لایەنێکی دیکەی دیداره‌که بوون کە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.