سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردەوە کە سەربازی پێشوو و شرۆڤەکاری تەلەفیزیۆنی، پیت هێگسێت کاندید دەکات بۆ وەزارەتی بەرگریی.
ترەمپ کە لە هەڵبژاردنەکەی پێنجی تشرینی دووەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە ٢٠ی کانوونی دووەمی2025دا دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەمڕۆ ناوێکی دیکەی گرنگی کابینەکەی بۆ ڕای گشتیی ڕادەگەیەنێت.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە سەربازی پێشوو و شرۆڤەکاری تەلەڤیزیۆنی فۆکس نیوز هێگسێت کاندید دەکات بۆ وەزارەتی بەرگریی کە یەکێکە لە گرنگترین پۆستەکانی کابینەکەی.
هێگسێت کە لە یەکە جیاوازەکانی سوپای ئەمریکادا ئەرکی هەبووە، لە سەردەمانی جیاوازدا لە عێراق و ئەفغانستان کاری کردووە و، دوو جار میدالیای برۆنزی بەدەستهێناوە و، ساڵانێکی زۆرە وەک کەسایەتییەک دەناسرێت کە بەرنامە و چالاکی لە بارەی جەنگاوەران ڕێکدەخات.
هەروەها هێگسێت کە لە کەناڵی فۆکس نیوزی نزیک لە کۆماریخوازەکان بەرنامەی هەیە، وەک ناوێکی چاوەڕوان نەکراو و سوپرایز لەلایەن ترەمپەوە بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیاندرا.
دوای ئەوەی ترەمپ چووە سەر دەسەڵات، هێگسێت لە پاش ڕەزامەندی ئەنجوومەنی پیران دەتوانێت دەستبەکاربێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.