ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی نۆڤێمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بە سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانی ناوبرد و گوتی، پرۆسەکە بە پێی هەڵسەنگاندنی چاودێرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و لە کەشێکی ئارام و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی بەڕێوەچوو کە ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ خەڵکی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی و نیشانەی ئاستی بەرزی هوشیاری خەڵکی کوردستانە.
سەرۆک وەزیران هەروەها جەختی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکیيەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی، تا پێکهێنان و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دوا پێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق لەلایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایە ڕوو، کە ئاماژەی بە دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لە بەغدا لە 31/10/2024 بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم تەوەرەدا، ئاماژە بە بڕیاری کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ درا سەبارەت بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان و هەڵسەنگاندن بۆ بڕگەکانی بڕیارەکە کرا.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پلاندانان و شاندنی حکوومەتی هەرێم کە شێلگيرانە داکۆکیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان بۆ مەبەستی گەشەپێدان دووپات کردەوە، هەروەک جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان چەندین سەرنج و تێبینی لە سەر پرۆسەیە تۆمارکردووە تاوەکو سەرژمێرییەکە جێی ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت و بەلاڕێدا نەبرێت بۆ مەبەستی دیکەی جگە لە مەبەستی گەشەپێدان، هەروەها جەخت کرایەوە کە دەبێت ئەم سەرژمێرییە، بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ( ناوچە کێشە لەسەرەکان) نەبێت و بەهیچ جۆرێک نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و ڕێکارە دەستووریانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگير کراون، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش لە بڕیاری ژمارە 73ی ساڵی 2010 جەختی لێ کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم پرسە پەسەندکران، بگەیەننە حکوومەتی فیدڕاڵ و داواش لە هەموو لایەنە کوردستانییە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم و بەغدا کرا کە لەمبارەیەوە پشتیوان و هاوکاربن.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە بارەی دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و هەندێک ڕێکاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024، کە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون خرایە ڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و ڕێگری نەکات لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی هەرێمیش لە کاتی خۆی و بە بێ کەموکوڕی خەرج بکات، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵ بە ڕوونی لە بڕیارەکانیدا داوای کردووە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ ناکۆکیيەکی نێوان هەردوو حکوومەت نەکرێت، بەو پێیەی شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە و دەبێت بە دوور بگیرێت لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی، تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە دوا بڕیاری خۆی وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند کردووە کە بەردەوام بێت لە خەرجکردنی مووچەی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ. هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا سەرجەم کەموکورتی لیستەکانی مووچەیان ڕاستکردووەتەوە و ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفی بێ هاوتایان نییە، ڕۆژی 20ی ئەم مانگە وەک دوا وادە دەستنیشانکراوە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکات کە بە زووترین کات مووچەی مانگی 10 خەرج بکات و ڕێکاریی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتەبەر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ڕێکارە داراییەکان.
لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی نوێترین پێشنیاری حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کرا و ئەنجامی دوا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات کردەوە کە دەبێ هەرچی زووە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمو دەست پێ بکاتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم و تەنانەت کۆمپانیا نەوتییەکانیشە، ئەنجوومەنی وەزیران هیواخوازە کە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەرچی زووە نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستانیش هەناردەی بازاڕە جیهانیيەکان بکرێتەوە کە بێگومان ڕۆلێ سەرەکی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی وڵات و برەودان بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا.
بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکات کە بە زووترین کات مووچەی مانگی 10 خەرج بکات و ڕێکاریی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتەبەر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ڕێکارە داراییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.