Erbil 21°C پێنجشەممە 21 تشرینی دووەم 16:09

جوانه‌ كه‌ریمات: مناڵان زۆر حه‌زیان له‌ شیعر و چیرۆك و داستانه‌، به‌ڵام زیاتر حه‌زیان له‌ شیعره‌

کوردستان TV
100%


خاتوونی شاعیری بواری منداڵان جوانه‌ كه‌ریمات، له‌ دایكبووی شاری كه‌ركووكه‌. ساڵانێكه‌ به‌عیشقه‌وه‌ ژوانی له‌گه‌ڵ شیعردا به‌ستووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ شیعری منداڵان .خوێندنی وانه‌ی كوردی له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌شێوه‌ی شیعر له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌یه‌وه‌، وایلێكردووه‌ هۆگری شیعر بێت. تائێستا دوو نامیلكه‌ی شیعری تایبه‌ت به‌ منداڵان بڵاوكردۆته‌وه‌، دوونامیله‌كه‌ی تریشی ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ. ئه‌م خاتوونه‌ شیعر نووسین بۆ منداڵان به‌ فاكته‌رێكی گرنگ ده‌زانێت تاوه‌كو زمانیان پاراو بێت.. ئێمه‌ش  هه‌ڤپیڤینێكی ئه‌ده‌بیمان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموون وكار وچالاكییه‌كانی ئه‌نجام دا.
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس 
*سه‌ره‌تا بازانین جوانه‌ كه‌ریمات چۆن ئاشنای دونیای ئه‌ده‌ب بوو؟ 
- له‌ قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ئاشنابوونمان به‌ خوێندن، یه‌كه‌مین وانه‌ كه‌ سه‌رنج ڕاكێشام، وانه‌ی خوێندنی زمانی كوردی بوو،كه‌ به‌ شێوه‌ی شیعریی نووسرابوون و به‌ وێنه‌ی جوان و ڕه‌نگاوڕه‌نگ ڕازابووه‌وه‌. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وانه‌ی خوێندن، وانه‌ی سروود و مۆسیقامان هه‌بوو. مامۆستای  وانه‌ ناوی مامۆستا عومه‌ر بوو، ئه‌و مامۆستایه‌ له‌ هه‌فته‌غاره‌وه‌ ماتۆرسیكل ده‌هات بۆ قوتابخانه‌ی عه‌لی سه‌را. ئه‌وكاته‌، واته‌ "سه‌ره‌تای هه‌فتاكان "  خوێندن له‌ كه‌ركووك به‌زمانی كوردی بوو.
 مامۆستا عومه‌ر هه‌ر جاره‌ و شیعرێكی كوردیی مناڵانی ده‌هێنا، ئه‌وه‌نده‌  به‌ جوانی بۆمانی ده‌خوێنده‌وه‌، هه‌ر هه‌موو قوتابیان به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌زبه‌ریان ده‌كرد. هه‌ندێ جاریش  شیعره‌كانی به‌ئاوازه‌وه‌ بۆ ده‌خوێنده‌وه‌، ئێمه‌ش هه‌ر به‌و شێوه‌ ئه‌زبه‌رمان ده‌كرد. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ئاشناییم بوو به‌ ئه‌ده‌ب كوردیی، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ئه‌ده‌ب و شیعری مناڵان به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت.
*بۆچی له‌ نێو ئه‌ده‌ب دا شیعری منداڵانت هه‌ڵبژارد ؟
- هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و وانه‌ به‌پێزانه‌ی مامۆستاكانی سه‌ره‌تایمان  كه‌ وانه‌كانیان به‌ ڕه‌وانی پێده‌وه‌تینه‌وه‌ ، بۆنموونه‌ مامۆستای وانه‌ی وێنه‌كێشان،  مامۆستا ئه‌لیاس و مامۆستای وانه‌ی سروود و مۆسیقا مامۆستا عومه‌ر. بۆیه‌ من و برا بچووكه‌كه‌م حه‌زمام له‌ شیعری مناڵان و وێنه‌كێشان كرد و زۆرجار له‌ ماڵه‌وه‌ لاسایی ئه‌و شیعرانه‌مان ده‌كرده‌وه‌و له‌خۆمانه‌وه‌ شیعری مناڵانمان ده‌نووسی و وێنه‌مان ده‌كێشا.
*پێتان وایه‌ شیعر وه‌كو چیرۆك  ده‌گاته‌ ناخی منداڵان ؟
- به‌ڵێ بێگومان، مناڵان زۆر حه‌زیان له‌ شیعر و چیرۆك و داستانه‌، به‌ڵام  شیعر له‌ چیرۆك زیاتر. چونكه‌ له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعر دا، جگه‌ له‌ مانا و ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌ ڕیتیمكی دڵڕفێنی میوزیكشی له‌گه‌لدایه‌.  ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی سه‌رنجی مناڵان بۆ بابه‌ته‌ شیعرییه‌كه‌. 
*ئه‌و بنه‌ما و سیفه‌تانه‌ چین، كه‌پێویسته‌ له‌ شیعری منداڵاندا بوونی هه‌بێت؟
- كۆمه‌ڵێك مه‌رج هه‌یه‌ له‌ شیعری مناڵاندا پێویسته‌ هه‌بن: له‌وانه‌ وشه‌ی ئاسان و ڕه‌سه‌نی كوردی، هه‌روا بایه‌خدان به‌ تاو كێش و ناوه‌ڕۆك. مه‌رجه‌ له‌ناو  قاڵبی هه‌موو شیعرێكدا  مه‌به‌ستێكی ئاراسته‌ هه‌بێت، ته‌نها وشه‌ ڕیزكردن نه‌بێت. له‌هه‌موو گرنگتر دوور بێت له‌ توندوتیژی، باشتر وایه‌ گوزارشت له‌ خۆشه‌ویستی و مرۆڤایه‌تیی و خۆسه‌ویستیی  خاك و وڵات بكات.
*چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئاستی شاعیرانی بواری منداڵان له‌ سه‌رده‌می ئێستادا؟
- ئه‌وه‌ی زیاتر  به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌،  كه‌ شاعیری مناڵانمان هه‌یه‌ و ئێستاش به‌رده‌وامن له‌ نووسین و شیعره‌كانیشیان زۆر باشه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان  وه‌ك شاعیری مناڵان ده‌ركه‌وتوون. ئه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركووك به‌داخه‌وه‌ ته‌نانه‌ت گۆڤارێكی مناڵانیشمان نییه‌.
*ئێوه‌ خاوه‌نی دوو نامیلكه‌ی شیعری منداڵانن (جوجه‌ڵه‌ و په‌پوله‌ی جوان) ئه‌گه‌ر بكرێت ئاماژه‌یان پێبده‌یت ؟ 
- به‌ڵێ ئه‌م دوو نامیلكه‌یه‌م كه‌ تایبه‌تن به‌ شیعر بۆ  مناڵان  له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم چاپم كردوون و هونه‌رمه‌ند گرفتار كاكه‌یی برام وێنه‌ی به‌رگ و نیگاره‌كانی ناوه‌وه‌ی بۆ كێشاوه‌، ئا لێره‌وه‌ سوپاس و ده‌سخۆشیی لێده‌كه‌م.
(جووجه‌ڵه‌) یه‌كه‌مین نامیلكه‌م بوو كه‌ له‌ساڵی 2015 چاپم كرد، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بینیم پێشوازییه‌كی گه‌رم له‌ یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ شیعرییه‌م كرا و زۆرێك له‌ مناڵان شیعره‌كانیان له‌به‌ر كرد،  بۆیه‌ دووه‌مین نامیلكه‌شم ( په‌پووله‌ی جوان) له‌ ساڵی 2024  چاپكرد ، كه‌ به‌شی زۆری شیعره‌كانی نێو ئه‌م نامیلكه‌یه‌شم گوزارشت له‌ خوشه‌ویشتی نیشتمان و رێزگرتن وسۆز و ژینگه‌ پارێزی ده‌كه‌ن. 
*تاچه‌ند شیعر رۆڵ و كاریگه‌ری خۆی ده‌بینێت بۆئه‌وه‌ی منداڵ زمان پاراو  و ڕه‌وانبێژ بێت؟
- زمانی به‌شی زۆر له‌ شیعره‌ كوردییه‌كان به‌زمانێكی پارا و جوانن نووسراه‌ن ، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مناڵان ئه‌زبه‌ری بكه‌ن، زۆر كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مناڵان زمانێكی په‌تی و ڕه‌وانیان هه‌بێت و له‌ دواڕۆژدا خۆشه‌ویستی و وه‌فایه‌كیان بۆ زمانه‌كه‌ی خۆیان هه‌بێت.
*پرۆژه‌ی نوێت هه‌یه‌؟
- خوا یاربێت نامیلكه‌ی سێیه‌م و چواره‌می شیعری مه‌نداڵانم له‌هه‌گبه‌دایه‌، به‌و هیواییه‌م زوو بكه‌وێته‌ به‌ر دیدی منداڵه‌ چاوگه‌شه‌كانی كوردستان.

 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.