ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایدهگهێنێت: هەرێمی کوردستان نموونەی دیموکراسییە و دروستکردنی کونسوڵخانەیەکی گەورە لە هەولێر نیشانەی پابەندیی ئەمەریکایە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا یەکلایەنە نییە، بەڵکو دوولایەنەیە.
ڕۆمانۆوسکی لە ديداری ئینستیتیوتی مێری، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی10ی 2024 ڕایگهیاند: هەرێمی کوردستان سەرچاوەی بەشێکی گرنگە لە بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە سەرتاسەری عێراق، هاوکات نموونەی دیموکراسییە و دەکرێت لە عێراقیش پەرەی پێ بدرێت. ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی 20ی ئەم مانگە ئەوەی سەلماندووە، هەر بۆیە پەیوەندیی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان یەکلایەنە نییە، بەڵکو دوولایەنەیە.
باڵیۆزی ئەمەریکا گوتیشی: ئەوەی پەیوەستە بە عێراقەوە، ئێمە بەشداریمان لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە، کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق لە دەست ئێمەدا نییە.
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی ئاماژهی بهوهش دا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەهێزەکانی کوردستانەوە، بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەمەش ئەرکێک بوو کە بەر لە 10 ساڵ، هێزەکانی ئەمەریکا لەپێناویدا بانگهێشت کران."
گوتیشی، دەمانەوێت سەرجەم هێزەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بن. عێراق ڕۆڵی گەورەی لەسەقامگیریی ناوچەکە هەیە دەمانەوێت سەقامگیر و سەربەخۆ بێت.
ئهمڕۆ سێشهممه 29ی10ی2024، ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024 بە ناونیشانی بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی لە هەولێر چالاکییەکانی دەستی پێ کرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.