Erbil 11°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 22:20

پێشەوا هەورامانی: حكوومەتی هەرێم پاشەكشە لە پڕۆژەی هەژماری من ناكات

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە پاشەكشە لە پڕۆژەی هەژماری من نییە و حكوومەتی هەرێم سوورە لەسەر شەفافییەتی دارایی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی دارایی.

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "هەژماری من ناوی بانک نییە! بەڵکو چەپکێک بانکن لەناو پرۆژەیەکدا بەناوی هەژماری من، کە ئامانج لێی ئەوەیە فەرمانبەران لە ڕێگای بانک مووچە وەربگرن، ئەم تەوزیحە بۆ هەندێک بەرپرسە کە دژی ئەم پڕۆژەیەن و لێی تێنەگەیشتوون تا ئێستا و پێیانوایە هەژماری من ناوی بانکێکە!".

راشیگەیاند "هەژماری من واتە حزورت هەبێت لە کاتی وەرگرتنی مووچەکەت و بە گوش پارە وەرنەگری بەناوی چەکداری وەهمی! هەژماری من واتە هەموو کەس پارەی دیاربێت، بۆ زیاد دەبێت؟ لە کوێ دێت؟ چۆن دێت؟ هەژماری من واتە ڕێگری لە هەڕەشەی مووچەبڕین لە کاتی دەنگدان!".

هەروەها رایگەیاند "هەژماری من واتە ڕێگری لە شاردنەوەی ئەو پارانەیە کە بە قاچاخی و هەموو ڕێگەیەکی دیکەی نایاسایی هەندێک کەس پەیدای دەکەن".

پێشەوا هەورامانی ئاماژە بەوەش دەكات "ئەو بانکانەی بەشدارن لە هەژماری من یان لە داهاتوو بەشدار دەبن، دەبێت تۆمەتی پارە سپیکردنەوەیان لەسەر نەبێت و لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا نەخرابنە لیستی ڕەش، هەروەها هەریەکە بە ڕێژەیەک دەتوانن بەشدار بن لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی قۆرخکاری ڕونەدات".

گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم گوتیشی "ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی شەفافییەت دەکەن یەکەم بابەت شانازی پێ دەکەن بوونی سیستەمێکی بانکی شەفاف و کەم خەوشە".

جەختیشی كردەوە كە "پاشەکشێ لەم پڕۆژەیەدا نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر شەفافییەتی دارایی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی دارایی".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.