Erbil 14°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 19:03

سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

کوردستان TV
100%


 ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له‌ گه‌لی كوردستان دەکات.

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی وه‌ته‌نی له‌ هه‌ژماری تایه‌بت به‌خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس نووسیویه‌تی، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی په‌رله‌مانی كوردستان، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەو سەرکەوتنەی کە بووەتە ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بە دیموکراسی و سەقامگیریی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گەشەپێدان، چاومان لە پەرلەمان و حکوومەتێکە کە بەشداربێت لە بەرەوپێشبردنی پێشکەوتن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چارەکردنی هەموو ناکۆکییەک لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان بکات.

 
پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتاییهات و پارتی دیموكراتی كوردستان براوه‌ و سه‌ركه‌وتووی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بوو و توانی زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت و زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات. 

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌ نافه‌رمییه‌كان، پارتی له‌ هه‌ولێر زیاتر له‌300 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، و به‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌پێش هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ دێت، هه‌روه‌ها پارتی له‌ دهۆكیش توانی سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن تۆمار بكات و نزیكه‌ی 350 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت و دهۆك بووه‌ قه‌ڵایه‌كی به‌هێزتری پارتی، له‌ پارێزگه‌ی سلێمانیش سه‌ره‌ڕای فشار و ساخته‌كاری و هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان، پارتی توانی زیاتر له‌ 50 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت و له‌ پارێزگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ش پارتی ده‌نگێكی زۆری به‌ده‌ستهێنا. 

هه‌ر به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، هاووڵاتییان شه‌وی رابردوو تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ ئاهه‌نگیان گێڕا و خۆشیان ده‌ربڕی. 

دوێنێ به‌یانی كاتژمێر 7، ده‌رگای بنكه‌كانی ده‌نگدان به‌ڕووی هاوولاتییانی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ و تا كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ به‌رده‌وام بوو، بە گوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆن، 2 ملیۆن و 683 هەزار و618 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو.

ئه‌نجامی به‌رایی 99%، ژماره‌ی كورسی پارت و لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌: 

پارتی: 40 كورسی 
یه‌كێتی:23 كورسی
نه‌وه‌ی نوێ: 16 كورسی
یه‌كگرتوو: 7 كورسی
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی: 3 كورسی
هه‌ڵوێست: 3 كورسی
به‌ره‌ی گه‌ل: 2 كورسی
گۆڕان: 1 كورسی


 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.