Erbil 25°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 03:25

نێچیرڤان بارزانی: هیچ كات شكست و بێ هیوایی پێناسەی پارتی نەبوونە

کوردستان TV
100%

ێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر رایگەیاند، هیچ كات نە شكست نە بێ هیوایی پێناسەی پارتی بووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە رێكەوتی 6/10/2024 نێچێرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵمەتی بانگەشەی لیستی 190ی پارتی لە شاری ھەولێر گوتی:  لەم گردبوونەیەوەدا، لە چاوی ئێوەدا سەرکەوتنی پارتی مسۆگەرە، ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تا لەبەر ڕۆشنایی مەشخەڵی 78 ساڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی ھەڵبژاردن بگێڕین، چیرۆکی گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بوونەتە دووانەیەک و لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، پارتی لە تاریکترین مێژووی سیاسیماندا، چرایەکی ڕۆشن و ھێزێکی پۆلاین بووە دژی ستەم و ملکەچی بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری، لە ڕابردوودا ڕێگەمان ئاسان نەبووە، ئێستاش بێ گرفت نین، لە ئایندەش بێ گرفت نابین، ئەوەی گەلی کوردستان بزانێت، پارتی سەربەرزانە مەشخەڵی درەوشاوەنەمان بەرز ڕاگرتووە و پەیمانی داوە بەردەوام بێت لەسەر ئەو ڕێگەیە.

هەروەها گوتی: دڵنیام بە ھیمەتی گەلی کوردستان خەونی دێرینەمان دێتە دی، پارتی مەشخەڵی درەوشاوەی خەبات و قوربانی لە نەوەی پێش خۆی وەرگرتووە بە ئەمانەت، دەبێت نەوەی ئێستای پارتیمان ئەو مەشخەڵە ھەڵگرن و بەرەو پێشەوە بیبەن، خۆری ئاڵای کوردستان و خۆری دروشمی پارتی پەیامی بۆ ئێمە، پەیامی بۆ گەلی کوردستان ئەوەیە، دەڵێت: دەبێت ھەمیشە بدرەوشێینەوە، ھێز و ھیوامان نوێ بکەینەوە، لەبیرمان نەچێت، ڕۆژی پارتی ھەمیشە ھەڵھاتووە و ھەمیشە ھەڵدێتەوە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: گەلەکەمان بە زۆر قۆناغی تاریک و نەھامەتی و شکستدا تێپەڕیووە، بەڵام ھیچ کات نە شکست پێناسەی پارتی بووە، نە بێھیوایی پێناسەی پارتی بووە، پێناسەی ئێمە وەک میلـلەت، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر تیشک و پرشنگ و ڕوونایی و گەشەی ژیانە، پارتی وا لەدایک بووە، وا بەردەوام بووە، ھەر بەو ڕەوتەش بەردەوام دەبێت.

جێگری سەرۆكی پارتی راشیگەیاند: پارتی ئێمە لە پارتێکی سیاسیی گەورەتر بووە، ئێمە بزووتنەوەیەکین بووینە چرایی ڕۆشنایی گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، لە ڕابردوو ئێمە تاریکیمان ڕەواندووەتەوە، لە سەردەمی ئێستاماندا دەستپێشخەر و گرەنتی و ئاوەدانی و سەقامگیریی و ئاسایشی کوردستان و پێشکەوتنی کوردستانین، کە بارزانی نەمر لە ساڵی 1946  پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند، تەنھا ڕێکخراوێک نەبوو، پارتی بووە ئەستێرەیەکی نوێی ژیان بۆ کورد، بۆ گەلی کوردستان کە لە مێژبوو بێبەش بوو لە ماف و دەنگ و ناسنامەی خۆی، ئێمەی ڕێڕەوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، پابەندین بەو ڕێبازەوە نەوەک لەبەر بارزانی بوون، نەوەک لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕێبازی کوردایەتی و خۆڕاگریی و خەبات و خەباتی گەلێکی ژێر دەستیان بەرجەستە کرد.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند: بۆ ئەو ڕێبازە، بۆ کوردستانێکی پڕ ئازادی، ھەرێمێک لەسەر بنەمای دیموکراسی بەڕێوەبچێت، مێژووی دوور و نزیکمان، تێکۆشانی بێوچانی لەخۆ گرتووە، کەم لەم ھەرێمی ئێمە، لەم کوردستانەی ئێمە، کەم خێزان ھەیە قوربانیان نەدابێت، ڕەنگی سووری ئاڵاکەمان وەبیرھێنانەوەی خوێنی شەھیدانە کە گیانی خۆیان بەخشی تا ئێمە لێرە ئێمە بە زمانی خۆمان قسە بکەین و ئاھەنگ بگێڕین لەپێناو نیشتمانەکەمان، کاروانی خەباتمان دڕیژە پێبدەین، ئێمە سوپاسگوزاریی ژن و پیاوی ئەو گەلەین کە گیانی خۆیان بەخشیووە لەپێناو ئازادی ئەو میللەتە.

ئاماژەی بەوەش دا: قوربانیدانی گەلی کوردستان، وەبیرھێنانەوەیە کە ئازادی وەک جەژنانە نەبەخشرێت، بەڵکو بە خەبات و قوربانیدان بەدەست دێت، قوربانیدانمان بەفیڕۆ نەچووە و ناچێت، ھەموو قوربانییەکانی ئێمە، ئێمەی لە ئامانجی کوردستانێکی دیموکرات و ئازاد نزیک کردووەتەوە، لێرەدا دەمەوێت سوپاسی خۆڕاگریی گەلی کوردستان بکەم، چونکە سەرباری ڕووبەڕووبوونەوەی دژوار ھەر لە بڕینی بوودجەوە، ھەڕەشەی داعش بۆ نەھێشتنی ئاسەواری ژیان لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، سەرباری گەمارۆی سەربازیی، داخستنی ئاسمان و سنووری کوردستان، گەلی کوردستان پشتیوان بوون لە پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان، لەگەڵ گەشەکردنماندا، دەبێت ئەم پرەنسیپانە لە کرۆکی ھەموو کارەکانماندا، ئامانجمان بن، بونیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە ھەموو تاکێک تێیدا بتوانێت دادپەروەر و سەربەرز بێت.

نێچیرڤان بارزانی جەختیشی كردەوە: ئێمە دەبێت وەک مەشخەڵی نەورۆز، کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەردەوام بێت لە پێشکەوتن، لە نوێکردنەوەی ھیوا بۆ گەلی کوردستان، بۆ ھەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە ئازادی و دادپەروەری و شکۆمەندی کوردستان ھەبوو، تەنھا دەنگی ئازاد و بوێرانەی ئێوە و گەلەکەمان گرەنتییە بۆ بەردەوامبوونی گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری وڵاتەکەمان بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.