ئەمڕۆ چوارشەممە 10/2 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێر)ی كردەوە کە لە ژمارەیەک کارگە پێکهاتووە.
لە گوتارێكدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە جێی شانازییە دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشتر دەچێت. هەروەك باسی لەوەش كرد كە گرنگە ئەم بەرهەمە ناوخۆییانە پارێزراو بن و بەرهەمەكانیان بە ئاست و كوالێتییەكی باش بەرهەم بهێنن، تاوەكوو بتوانن لە ئاستی جیهانیشدا متمانەی بەرهەمەكانی كوردستان پارێزراو بێت.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا، زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەیەكەوەین لە كردنەوەی ئەم كارگانە، كە بە ڕێگەی كۆمپانیای سفر و كێبڵی هەولێرەوە دروست كراون و جێی شانازییە بە حەقیقەت كە دەبینین كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر دەچێت.
ئەوەی من ئەمڕۆ بینیم، كۆمەڵێك كارگەن كە هەموویان تەواوكەری یەكترن تاكوو ئەو كێبڵ و وایەرانەی كە پێویستن، دەخرێنە بازاڕ بۆ سوودوەرگرتن. لە سەردانیكردنم بۆ كارگەكان پرسیارم دەكرد لەوەی كە بە چ جۆرێك ئەم كێبڵانە دروست دەكرێن و مەوادی سەرەتایی لە كوێ دێت؟ دیارە زۆربەی ئەو مەوادە سەرەتاییانە لەو سیكرابەیە كە كۆدەكرێتەوە، پێشتر هەناردەی دەرەوە دەكرا، بەڵام ئێستا لەم كارگەیە سوودی لێوەردەگیرێت و دەخرێتەوە بازاڕ وەكوو كێبڵێكی ئاست بەرز بە هەموو ستانداردە جیهانییەكان ئامادە دەكرێت.
هیوادارم رۆژێك كوردستان وای لێبێت كە ئێمە بتوانین لە سەرچاوە سرووشتییەكان، لە كانزاكانی بەردەست، مەوادی سەرەتایی بۆ دروستكردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە بەكار بێنین. زۆر خۆشحاڵ بووم كە بیستم سەدان هەلی كار ڕەخسێندراوە و چەندین خەڵك یان خێزان دەتوانن لەم جۆرە كارگانە كار بكەن. ئەمە بەشێكە لە پرۆژەی دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی بەهێز لە كوردستان كە پەرەپێدان بە كەرتی پیشەسازی یەكێك بووە لەو بەرنامانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی حكوومەتدا گرنگیمان پێداوە.
سوپاسی كەرتی تایبەت دەكەم كە توانیویانە ئەم جۆرە كارگە و كارخانانە دروست بكەن، لە لایەكەوە بۆ زیاتر پێشخستنی بەرهەمی ناوخۆیی، دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزتری ئابووری، دروستكردنی هەلی كار بۆ خەڵك و دروستكردنی پەیوەندییەكی باشتر لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت. دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوادارم سەركەوتوو بن و نموونەیان زۆر بێت. هیوادارم هەروەها ئێمە بتوانین وەكوو حكوومەت هاوكاریی زیاتری كەرتی پیشەسازی بكەین و یارمەتییان بدەین لەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان پارێزراو بن، ئەمە ئەركێكە لەسەر حكوومەت لە ئێستا و لە داهاتووش بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەكان كە هەموو هەوڵێك بدەین تاوەكوو ئێمە گرنگیی بە پێشخستنی بەرهەمە ناوخۆییەكان بدەین، دەبێ پارێزراو بن و حیمایەی ئەو بەرهەمانە بكرێ تاوەكوو بتوانرێ لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش لەگەڵ هەموو كۆمپانیاكانی تر ململانێ بكرێ و كۆمپانیاكانی ئێمە بتوانن بەرهەمەكانی خۆیان لە دەرەوەش بفرۆشن.
خۆشحاڵبووم كە بیستم تا ئێستا توانیویانە بەرهەمەكانی خۆیان بۆ چەندین وڵاتی دەرەوە هەناردە بكەن، ئەمەش كارێكی زۆر باشە كە دیسان شایەدیی ئەوە دەدات كە بەرهەمە ناوخۆییەكان لە ئاست و كوالێتی لە ئاستێكی زۆر بەرزدان. هیوادارم ئەم كارگانە، چ ئەمەی ئێستا ئێمە سەردانمان كردووە و چ كارگەكانی تر، ڕەچاوی كوالێتیی بەرزی بەرهەمە ناوخۆییەكان بكەن، بۆ ئەوەی متمانەی بەرهەمە ناوخۆییەكانی كوردستان لە ئاستی جیهانیدا پارێزراو بێت و ئێمە بتوانین كوردستان لە بابەتی پیشەسازی، سنووری هەرێمی كوردستان ببڕێت و بتوانێت لە هەموو جیهاندا ئێمە مونافەسەی كۆمپانیاكانی تر بكەین.
ئێمە هیچمان لە خەڵكی تر كەمتر نییە، خوا سرووشتێكی بەپیت و بەخێری پێداوین، لە خوا بەزیاد بێت خەڵكێكی زۆر بەتواناشمان هەیە، هەوڵمان داوە ئاستی زانستیی لە كوردستان بەرەوپێشەوە بەرین، ئەوەی ماوەتەوە ڕێكخستنی ئەو هەموو توانایەیە بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین كارێكی وا بكەین كە كوردستان لە هەموو رووێكەوە پێش بكەوێت.
من جارێكی تر دەستخۆشیی لە جێبەجێكارانی ئەم كۆمپانیایە دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن و ئێوەش هەر تەندروست و شاد بن، كوردستانیشمان رۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.