شارەزایەكی كەشوهەوا رایدەگەیەنێت كە سبەی سێشەممە و هەروەها دووسبەی چوارشەممە شەپولێکی تاوەبارانی بەخوڕ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێ ناوچەش هەورەبروسکەی بەهێز و تەرزەشی لەگەڵدا دەبێت.
هەڤاڵ سدیق گالۆزی شارەزای كەشوهەوا رایگەیاند: لەسبەینێوە کە دەکاتە ڕۆژی سێشەممە هەرێمی کوردستان دەکەوێته ژێری کاریگەری دووەم حاڵەتی ناسەقامگیری کەشوهەوا، بەهۆی هاتنی بارسته هەوایەکی ساردی جەمسەری لە ناوچەکانی باکوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
راشیگەیاند: لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی سێشەممە بەدواوە ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی كوردستان لە دهۆک و هەولێر و مووسڵ و کەرکووک و گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و زاخۆ و ئاکرێ و کۆیە و دەوروبەری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و لە کاتی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
هەروەها رایگەیاند: سەرەتای بارابارینەکە لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای کەرکووک دەست پێ دەکات و بە تێپەڕبوونی کات شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.
شارەزاكەی كەشوهەوا ئاماژەی بەوەش دا: درەنگانی سبەی شەو بۆ کاتی بەرەبەیان، بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە بە بڕ و جۆری جیاواز، هەروەها ناوبەناو ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکە و تاوەبارانی لاواز بۆ مامناوەند لە هەولێر و دهۆک و مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ بۆ ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە .
هەڤاڵ سدیق گالۆزی گوتیشی كە لە ماوەی شەپۆڵە بارانبارینەكەدا پلەکانی گەرما لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان 2 تا 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.