Erbil 21°C ھەینی 27 ئەیلوول 02:25

وەزارەتی دارایی وادەی دابەشكردنی دوو مووچە بڵاودەكاتەوە

100%

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك سەبارەت بە دابەشكردنی دوو مووچە بڵاو دەكاتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات كە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ئاب دابەش دەكرێت، هەروەها بۆ مانگی ئەیلوولیش چاوەڕوانن لە نزیكترین كاتدا پارە بگات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوەكەدا بڵاوی كردەوە "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بودجەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا".

بڵاویشی كردەوە "لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و ڕاگرتنی تەمویلی مووچە، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن کە گرنگترینیان ئەمانەن:-

1-  شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ دواینجار داوای کردبوو.

2-  بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی 243 ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە .

3-  چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێ کردووە.

4-  کێشەکانی تایبەت بە دووبارەبوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کرا کە هەمووی کێشەی هونەری بوون، وە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەکچووە یان کۆدیان دووبارە بووە، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا ( 31/12/2024 ) مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆ تۆمارکردن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.