سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ سەرۆك و شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، كۆبوونەكە فراوان و ئەنجامدار بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی هەریەک نوێنەری وەزارەتی دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە .
لەبارەی كۆبوونەوەكە، ئومێد سەباح رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا پرسی نەوتی هەرێم و کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و خانەنیشینان و دەروازە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ و پڕۆژەی هەژماری من و بابەتی بایۆمەتری فەرمانبەران گفتووگۆیان لەبارەوە کرا .
لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا و تێیدا هەموو ئەو تەوەرانە خرانەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرابوو.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا هەردوولا ڕایانگەیاند كە ژمارەیەک کۆبوونەوەی فراوان و بەرهەمدار ئەنجامدران و تیایدا پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە وردی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و دیدگای هاوبەش دروستبووە لەسەر سەرجەم پرسەکان.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا هەروەها باس لە پڕۆژەی بەبانکیکردنی مووچە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم کرا کە ئێستا پڕۆسەکە هەنگاوی باشی بڕیوە و بەردەوامە، هاوکات باس لەوەش کرا کە هەوڵ دەدرێت هەردوولا بگەنە چارەسەری کۆتایی لەسەر ماف و شایستەداراییەکانی مووچەخۆران و پرسی گرێبەستە نەوتییەکانیش چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە .
لای خۆشییەوە عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیشی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی فیدڕال پابەندبێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەش دا كە لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم، بۆیان دەركەوتووە نیازپاكی تەواو هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
جەختیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكاندا گەیشتوونەتە چەندین خاڵی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و سەرجەم كێشەكانی دیكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.