سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكاندا بۆمان دەركەوتووە كە لەلایەن حكوومەتی هەرێم نیازپاكی تەواو هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان، ئاماژەی بەوەش دا كە حكوومەتی فیدڕالی پابەندە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم، بۆمان دەركەوتووە نیازپاكی تەواو هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەروەها گەیشتووینەتە چەندین خاڵی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و سەرجەم كێشەكانی دیكە.
هەروەها گوتی: لە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆراندا تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان كاری زۆر باش كراوە و رێژەیەكی باش تۆماركراون و پڕۆسەكەش بەباشی بەڕێوەدەچێت و تەواو و دروستە، پێویستە لە ئایندەدا ئەوانی دیكەش تۆمار بكرێن.
عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیشی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی فیدڕال پابەندبێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هیوایان وایە ئەمساڵ ساڵی یەكلاكردنەوەی كێشەی مووچە و سەرجەم كێشەكانی دیكەی نێوان هەرێمی و فیدڕال بێت، هەروەها ساڵی 2025 ساڵی هاوبەشی بێت لە هەموو شتێكدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.