بەهۆی زیاتربوونی ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریكا بڕیاریداوە هێزی زیاتری سەربازی رەوانەی ناوچەكە بكات.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاند: بڕیارمانداوە هێزی سەربازی زیاتر رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین.
راشیگەیاند: ناردنی ئەم هێزە زیادەیە، بۆ پاڵپشتی ئەو هێزانەیە كە ماوەیەكە لە ناوچەكە جێگیركراون بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و لەناكاو لە ناوچەكەدا.
گوتەبێژەكەی پێنتاگۆن نەشی شاردەوە كە ئەگەر ئاڵۆزییەكان ئاوا بەردەوام بێت، رەنگە دۆخەكە لەدەست دەرچێت و ببێتە هۆی روودانی جەنگێكی هەرێمی لە ناوچەكەدا.
ئەمە لەكاتێكدایە كە تا دێت ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبن بەهۆی فراوانبوونی چالاكییە سەربازییەكان لەنێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا لە لوبنان.
ئەمڕۆ دووشەممە ئیسڕائیل لە رێگەی هێرشی فڕۆكە و تۆپهاوێژەوە، هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر پێگەكانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان، لەبەرامبەریشدا حزبوڵا بە مووشەك و درۆن چەندان هێرشی دیكەی ئەنجام دا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری قوربانییەكان، لە هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ سەر باشووری لوبنان 356 كەس كوژراون و 1246 كەسی دیكەش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.