محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای دواخستنی پرۆسەی سەرژمێری کرد بۆ دوای جێبەجێکردنی ماددەی 140 و داواشی لە ئاوارەکانی شارەکە کرد کە لە هەولێر و سلێمانی نیشتەجێن، بگەڕێنەوە کەرکووک بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن.
گوتیشی: دەبوایە پەلە نەکرێت و دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە ئەوجار پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لەم پارێزگایە بکرایە، هەربۆیە داوا دەکەین ئەم پرۆسەیە دوا بخرێت و پەلە لە جێبەجێ کردنی نەکرێت، چونکە ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە.
ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییانی ئاوارەی کەرکووک ئەگەر نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەموو مافەکانی لە هاوکارییەکانی پێدانی خۆراک لە لایەن بریکارەوە لەگەڵ بەشە نەوت و هەموو هاوکارییەکانی دیکەیان دەبڕدرێت و لە هەموو ماف و هاوکارییەکان بێبەش دەکرێن، هەربۆیە داوا دەکەین هەموو ئاوارەکانی کەرکووک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ئاماژەیدا، بە گوێرەی ڕێکار و ڕینماییەکانی سەرژمێری گشتیی لە خانووێکدا دەرفەت هەیە سێ خێزان خۆیان تۆمار و ناونووس بکەن، گوتیشی: هاووڵاتییانی ئاوارە دەتوانن بگەڕێنەوە و لە ماڵە خزمەکانیان خۆیان تۆمار بکەن.
هەروا دەربارەی پرۆسەی تەعریب، ڕایگەیاند، گوندی زەرتک تاوەکوو ساڵی 1988 کە خاپوورکرا یەک ماڵە عەرەبی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا لە قۆناغی گەمارۆ و ژمارە لێدانی پرۆسەی سەرژمێری نزیکەی 28 ماڵە عەرەب و هەشت ماڵی کوردی تێدا تۆمارکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 250 خێزانی ڕەسەنی خەڵکی ئەو گوندە لە ناوچەکانی کوردستان پەرشوبڵاو بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.