Erbil 11°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 08:33

"پێویستە خەڵکی کەرکووک بەگڕوتینەوە بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی عێراق بکەن"

کوردستان TV
100%

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان سەڕای تێبینی و سەرنجەكان، داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان كرد بەشداریی لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیدا بكەن، چونكە هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک زیان بە پێگەی کورد لە سنووری پارێزگای كەركووك دەگەیەنێت.

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان رایگەیاند: بەپێی ئەو وادەی بۆ ئامادەکارییەکە دانراوە، بڕیارە بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتووان و ماڵەکان ڕۆژی لە 20/11/2024 ئەنجام بدرێت.

راشیگەیاند: سەڕەرای تێبینیمان لەسەر جێبەجێنەکردنی تەواوی بڕگەکانی ماددەی (140)ی عێراق بەتایبەت لە بابەتی ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان، وێڕای جەختکردنەوە لەوەی پێویستە بڕگەکانی ماددەی (140) وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، لە هەمانکاتدا داوا لە خەڵکی شاری کەرکووک دەکەین کە ئەم پرۆسەیە بە هەند وەربگرن و بەشداری لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ناونووسینی سەرژمێری بکەن، چونکە پرۆسەیەکی زۆر چارەنوسسازە و بەندە بە پاراستنی مێژووی ڕەسانەیەتی و نەتەوایەتی شاری کەرکووک، هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک زیان بە پێگەی کورد دەگەیەنێت لەم شارە.

هەروەها رایگەیاند: بەشداریکردن و خۆتۆمارکردن لە سەرژمێری پارێزگای کەرکووک، پێویستییەکی حەتمییە، چونکە ئەگەر هەر هاووڵاتییەک ناوی تۆمار نەکات، ئەوا لە هیچ یەک پارێزگاکانی تری عێراق ناوی تۆمار ناکرێت، بەپێچەوانەوە تووشی گرفتی زۆری یاسایی دەبێتەوە لە داهاتوودا.

ئاماژەی بەوەشدا: بۆیە خەڵکی شاری کەرکووک و هەموو ئەوانەی هاووڵاتی شارەکەن، پێویستە بە گڕوتینەوە ئاگاداربن لە پرۆسەکە و کەسوکار و خزم و ناسیاوەکانیان هان بدەن بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیە دانەبڕێن.

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان جەختیشی كردەوە: گرینگە لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە ڕاسپێردراوەکان، بە بێلایەنی و ڕاست و دروستی ئەم هەڵمەتە دەست پێ بکەن، چونکە هەر جۆرە لایەنداری و خرووقاتێک زیانی گەورە بە حەقیقەتی مێژوویی دانیشتووان و ڕەسانەیەتی جوگرافی پارێزگای کەرکووک دەگەیەنێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.