Erbil 14°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 03:25

ژمارەی قوربانییان بەهۆی تەقینی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە لە لوبنان بڵاوكرانەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی تەندروستی لوبنان دوایین ئاماری قوربانییان بەهۆی تەقینی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە لە وڵاتەكەی بڵاوكردەوە.

وەزیری تەندروستی لوبنان رایگەیاند: بەهۆی تەقینی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە 8 كەس كوژراون، یەكێك لە كوژراوەكان منداڵە، هەروەها 2 هەزار و 750 كەسی دیكەش بریندار بوون.

وەزیری تەندروستی لوبنان فەرمانی بە سەرجەم نەخۆشخانەكان كرد بریندارەكان وەربگرن بە مەبەستی چارەسەری.

ئاماژەی بەوەش دا كە برینی بریندارەكان زیاتر لە رووخسار و دەستەكانیانە.

لای خۆشییەوە حزبوڵای لوبنانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە دا"دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە نزیكی كاتژمێر 3:30 بەشێك لە ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە كە بە (پەیجەر) ناسراون، لە دەستی ژمارەیەك لە ئەندامانی حزبوڵا تەقینەوە".

هەروەها رایگەیاند "لە ئەنجامی تەقینی ئامێرەكاندا منداڵێك و دوو ئەندامی حزبوڵا كوژراون، لەگەڵ برینداربوونی ژمارەیەكی دیكەی ئەندامان".

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەبەوەشدرا "لایەنە پەیوەندارەكانی حزبوڵا خەریكی لێكۆڵینەوەن لە هۆكاری تەقینی بە كۆمەڵی ئامێرەكان، لەلایەكی دیكەشەوە لایەنە تەندروستییەكان خەریكی چارەسەركردنی برینداران لە سەرجەم نەخۆشخانەكان".

حزبوڵا لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی خستە ئەستۆی ئیسڕائیل.

بەپێی زانیاریی میدیاكانی ئێران، لە هێرشە ئەلیكترۆنییەكەدا موجتەبا ئامانی باڵیۆزی ئێران لە لوبنان لەگەڵ دوو لە پاسەوانە تایبەتەكانی بریندار بوون، بەڵام برینی هەرسێكیان سووكە و سەلامەتن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.