Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 03:37

لەبارەی هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی لوبنان زانیاریی زیاتر بڵاو دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

حزبوڵا راگەیەنراوێك لەبارەی هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆی باشووری لوبنان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە لە ئەنجامی تەقینی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوەدا كوژراو كەوتۆتەوە.

لە راگەیەنراوەكەی حزبوڵا هاتووە "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیكی كاتژمێر 3:30 بەشێك لە ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە كە بە (پەیجەر) ناسراون، لە دەستی ژمارەیەك لە ئەندامانی حزبوڵا تەقینەوە".

هەروەها هاتووە "لە ئەنجامی تەقینی ئامێرەكاندا منداڵێك و دوو ئەندامی حزبوڵا كوژراون، لەگەڵ برینداربوونی ژمارەیەكی دیكەی ئەندامان".

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "لایەنە پەیوەندارەكانی حزبوڵا خەریكی لێكۆڵینەوەن لە هۆكاری تەقینی بە كۆمەڵی ئامێرەكان، لەلایەكی دیكەشەوە لایەنە تەندروستییەكان خەریكی چارەسەركردنی برینداران لە نەخۆشخانەكان".

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی (فڕانس پرێس) ئەمڕۆ سێشەممە لە باشووری لوبنان بەشێكی زۆری ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە كە بە پەیجەر (pagers) ناسراوە، تەقیێنرانەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار كەس و ئەندام و لایەنگری حزبوڵا بوونە قوربانی.

ئاماژەی بەوەش دا كە تەقینی ئامێرەكان لەلایەن ئیسڕائیلەوە بەهۆی هێرشێكی ئەلیكترۆنی ئەنجامدراون.

بەپێی زانیاریی میدیاكانی ئێران، لە هێرشە ئەلیكترۆنییەكەدا موجتەبا ئامانی باڵیۆزی ئێران لە لوبنان لەگەڵ دوو لە پاسەوانە تایبەتەكانی بریندار بوون، بەڵام برینی هەرسێكیان سووكە و سەلامەتن

لای خۆشییەوە وەزارەتی تەندروستی لوبنان داوای لە هاووڵاتییان كرد روو لە نەخۆشخانەكان بكەن بە مەبەستی پێدانی خوێن بەهۆی زۆری رێژەی بریندارەكان.

داواشی لە هاووڵاتییان كرد ئەوانەی ئەم جۆرە ئامێرانە بەكاردەهێنن، بە زووترین كات ئامێرەكان لە شوێنێكی دوور فڕێ بدەن و لەخۆیانی دوور بخەنەوە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.