Erbil 11°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 22:15

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی (63)ــه‌مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە ڕێبەرایەتيی بارزانیی نەمر دەکەینەوە کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو، بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانيیەوە لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی.

پاشان تەوەری سەرەکيی کۆبوونەوەکە خرایە ڕوو کە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزاريی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووريی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاوتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکوومەتی هەرێم، بە جۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایيی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەکە و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و ڕەچاوکردنی تێبینی وسەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفيیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرانبەردا حکوومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت کە خەرجکردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستە ڕوو، کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکوومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی، لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووريی فیدڕاڵ وهەرێم، لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکوومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لەپێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور.

سەرۆک وەزیران هیوای خواست ئەو کەشە ئەرێنیی و لەیەکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا.

دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاری فیدڕاڵیی بۆ ئابووری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.