Erbil 22°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 04:36

عێراق و ئێران 14 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ھاوبەشیان واژوو کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە لە چوارچێوارەی سەردانەکەی سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان بۆ بەغدا، 14 لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لە چەندین بواردا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا، واژوو کران.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان ھەردوو شاندی عێراق و ئێران لە بەغدا، کۆبوونەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێ کراوە، ھەروەھا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای ھاوبەشی نێوان عێراق و ئێران کراوە کە بڕیارە لە بەغدا ئەنجام بدرێت.

باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ھەروەھا باس لە ھاریکاریی بنیاتنەرانە لە بواری پاڵاوتنی نەوت، پیشەسازی وزە و کەرتی تایبەت لە ھەردوو وڵاتدا کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکی ئاینیی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە و ئاماژەی بەوەشداوە کە بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافییایەوە، ھێڵێکی گرنگی بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و کەلوپەلی بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێراندا ھەیە و گوتوویەتی: "سوورین لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و تەواوکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی ھێڵی ئاسنینی لە دەروازەی سنووریی شەلامچەی لە پارێزگای بەسرە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە ئێران و عێراق پەیوەندییەکی پتەو لەنێوانیاندا ھەیە و جەختی کردووەتەوە لەسەر خواستی وڵاتەکەی بۆ پێکەوە کارکردن بۆ پەرەپێدان بە ھاوبەشی ئابووری لەگەڵ عێراق.

باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی ھەردوو وڵات ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بەردەوامی دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی سەر غەززە، دەبێتە مایەی شڵەژانی ئاسایشی و سەقامگیری ناوچەکە و داوایان کرد، ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەبەرامبەر فەڵەستینییەکان لە غەززە ئەنجام دەدەرێن بوەستێندرێن، ھەروەھا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا کە بەرپرسیارێتی خۆی لەوبارەیەوە لەئەستۆ بگرێت.

ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، ھەردوو وڵات 14 یاداشتنامەی لێگتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ، سەرچاوە سرووشتییەکان، پەیوەندییەکان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، پەروەردە، گەشتوگوزار، ڕۆشنبيری و ھۆنەر، شوێنەوار، مەشق و ڕاھێنانی پیشەیی، پەرەپێدان بە ھێزی کاری لێھاتوو و ھاریکارییەکانی نێوان ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران، واژوو کراون.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.