Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 02:24

ئەمڕۆ 63 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت

کوردستان TV
100%


بەر لە 63 ساڵ، ئەو كاتەی كۆماری ئەوسای عێراق لە بەڵێنەكانی پاشگەزبۆوە، دانی نەنا بە مافەكانی گەلی كوردستان، پرەنسیبەكانی شەراكەت و پێكەوەژیانی سیاسی نێو دەستووری عێراقی ژێر پێ خست، تەنانەت ڕێگە مەدەنییەكانی خەباتیشی داخست و بە لەشكركێشی، ئاگر و ئاسن و شەڕ وەڵامی گەلی كوردستانی دایەوە، ئەوكات گەلی كوردستان بەڕابەرایەتیی (مستەفا بارزانی)، بۆ بەرگریكردن لە گەلی كوردستان و مافەكانی، خاك و سەروەرییەكانی، مانەوە و شكۆ و پیرۆزییەكانی، لە ڕۆژی 11 ی ئەیلوولی ساڵی 1961، خەباتی چەكداریی دەست پێكرد و هەموو تواناكانی لە شۆڕشێكدا كۆكردەوە، كە بە درێژترین و كۆكراوەترین و بەرهەمدارترین شۆڕشی نێو مێژووی گەلی كوردستان دەژمێردرێت، كە تائێستایش هەمووان، بە جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و سیاسییەكانەوە شانازیی پێوە دەكەین و هێندە بە قووڵی، مەزنیی و مانا فرەڕەهەندەكانی ڕۆچۆتە نێو مێژوو ، نەوە دوای نەوە پەند و عیبرەتی لێ وەردەگرن و بۆتە سەرچاوەیەكی ڕوون و زەڵاڵیش بۆ وانە گەورەكانی: (كوردایەتی، ڕەسەنایەتی، ڕابوون، وەستانەوە لە ڕووی ستەم، ویقاری پێشمەرگە، گیانفیدایی، عەدالەتخوازی، ڕۆشنبیریی نیشتیمانی، ماف و دیموكراسی، دیالۆگ و ئازادی، هونەری دانووستان و، دواجار كوردستان یان نەمان).
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشی هەمووان بوو، شۆڕشی هەموو جیاوازییەكان بوو، كۆكەرەوە و ڕوئیاڕوون و ئاییندەبین بوو، هەر بۆیە زوو بەرهەمەكانی چنییەوە و ڕژێمی بەغدای ناچار كرد، كە غرووری خۆیان بشكێنن و بێن لە دامێنی چیا سەركەشەكانی كوردستانەوە، لە نێو خێمە و بارەگا سادەكانی شۆڕشەوە داوای دانووستان لە ڕابەری نەتەوە، سیمبوڵی ئازادیی گەل (مستەفا بارزانی) بكەن، كە ئاكام رێككەوتننامەی مێژوویی 11ـی ئاداری 1970 لێ كەوتەوە، ئەو رێككەوتننامەیەی بووە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی و بناغەیەكی پتەو بۆ هەموو ئەو دەسكەوتانەی دواتر بەدیهاتن. ئەوەش یەكەمجار بوو كە شۆڕشێكی كوردستانی بتوانێ بە ئامانج بگات و دروشمی خۆی بێنێتەدی و سەركەوتنە سەربازییەكانی بكات بە دەسكەوتی سیاسی و مافی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بەدەست بهێنێ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.