وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان دابەزیوە و چاوەڕوان دەكرێت زیاتریش دابەزێت.
وەزارەتەكە رایگەیاند: دوای بڕیاری مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزینی لەلایەن بازرگانانەوە، ئێستا نرخی هەر لیترێکی بەنزین 40-50 دینار دابەزیوە و چاوەڕوانی دابەزینی زیاتریش دەکرێت.
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان رۆژی 5ی ئەم مانگە لە فەرمانێکی وەزاریدا ڕێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دەرکرد، بۆ ئەم مەبەستە ئێستا ڕۆژانە ئەو بەنزینەی دێت ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتری نرخەکان دەکرێت.
پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بۆ زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمدا و کەمکردنەوەی نرخەکەی لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بووە و هاوردەکردنیشی پێویستە بە پێی ئەو کوالێتییەی بێت لەلایەن لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و پارێزگاکان دیاری کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.