ئەمشەو دووشەممە لە ڕێورەسمێکدا لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، هاوکاریی دارایی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەسەر دوکاندارانى زیانلێكهوتووی بازاڕەكانی لەنگە و شێخەڵا دابەشکران.
هاوكارییەكە بۆ هەر دوکاندارێکی زیانلێکەوتووی بازاڕەكانی لەنگە و شێخەڵا بریتی بوو لە 2 ملیۆن دینار.
جگە لە دابەشكردنی ئەم هاوكارییە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە زیانلێكەوتووان لە وەرگرتنى باج بە ڕێژەى لە 30% بۆ ساڵى 2023 و لە 100% بۆ ساڵی 2024 دەبەخشرێن، ئەمە جگە لە لێخۆشبوونى کرێى ساڵانە و ڕسووماتى خۆڵ و خاشاک.
لە ماوەی رابردوودا بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر دووجار هاتبووە سوتاندن، جاری یەکەم 66 دوکانی تێدا سوتابوو، لە ئاگری دووەمیشدا 48 دوکانی دیكە سوتابوون، هەروەها لە بازاڕی شێخەڵاش 17 دوکان سوتابوون.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەهەمانشێوە شەوی رابردووش دوكاندارانی زیانلێكەوتووی بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر قەرەبووكرانەوە، بڕی قەرەبووكردنەوەكەش لەنێوان 2 بۆ 20 ملیۆن دینار بوو، ئەمە جگە لە بەخشینیان لە باج و لێخۆشبوونی كرێی ساڵانە و رسووماتی خۆڵ و خاشاك.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.