ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسڕە و بەغدا دەکات، بە هەمانشێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری هاوڕابوو لەسەر گرنگی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور. گوتیشی هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە.
دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبوونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا دەربارەی چارەسەکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.