گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كرد.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بۆ مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە كورتهێنان هەیە، ئێستا تیمی وردبینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕالی لە گفتوگۆدان.
راشیگەیاند: پێشبینی دەكەین لە ماوەی هەفتەیەك یاخود كەمتریش ئەو تێبینییانە چارەسەر ببن، ئەوان گوتوویانە ئەو كورتهێنانە لای ئێمە وەك ئەمانەتە كەی وردبینییەكان تەواو بوون دەینێرین.
هەروەها رایگەیاند: دوای چارەسەركردنی كێشەكە و كۆتاهاتن بە وردبینییەكان، ئەو پارەی بۆ مووچەی مانگی هەشت ماوە، لەلایەن بەغداوە دەنێردرێت.
پێشەوا هەورامانی جەختیشی كردەوە كە دەبێت پێش 15ی ئەم مانگە پارەكە لە بەغداوە بگات، چونكە بەر لە 15 مانگ تێبینییەكان چارەسەر دەبن.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا، لە كاتی ناردنی پارەكە لە بەغداوە، وەزارەتی دارایی راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژی دووشەممەی رابردوو دەستكرابوو بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 7 و لە ماوەی 3 رۆژدا تەواوی مووچەخۆران مووچەكانیان وەرگرت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.